هەواڵى ناوخۆ

سەرکردەیەکی یەکێتی: باڤڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح و لاهوور جەنگی کاندیدی هاوسەرۆکی یەکێتین

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوی کاندیدانی پۆستی هاوسەرۆکەکانی حزبەکەی ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند کە پرۆسەکە بە هەڵبژاردن یەکلا ناکرێنەوە، بەڵکوو ”بە ڕێککەوتن دادەنرێن“. 

مه‌لا شێخه‌، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، پێشتر لە چەند کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا باس لە هاوسەرۆکایەتی کراوە و ”یەکێتی ئەم سیستەمەی قەبووڵە“. 

ڕوونیشی کردەوە کە ”ئه‌وه‌ی من تێگه‌یشتبم، هاوسه‌رۆکەکانی یەکێتی به‌ هه‌ڵبژاردن دانانرێت، بەڵکوو به ڕێککەوتن ده‌بێت“. 

بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، لە کۆتاییدا هەموو لایەنەکانی نێو حزبەکەی ڕێک دەکەون و لە سەرکردایەتییەوە بڕیار لەسەر هاوسەرۆکانی حزبەکە دەدرێت. 

باسیشی لەوە کرد کە باڤڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح و لاهوور جەنگی کاندیدن بۆ ئەوەی ببنە هاوسەرۆکی یەکێتی، بەڵام ”ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، بەرهەم ساڵح ڕەنگە بکشێتەوە“. 

پێشتر ناوەندی وەستانەوەی یەکێتی (ناوک) کە باڵێکی تازە دەرکەوتووی نێو حزبەکەیە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کردبوو کە ئەگەر باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی ببنە هاوسەرۆکی یەکێتی، ئەگەر هەیە بەرهەم ساڵح لە سەرکردایەتیی حزبەکە بکشێتەوە.