هەواڵى ناوخۆ

یەکێتی مەرجی خیانەت نەکردنی بۆ هاوسەرۆکەکانی دانەناوە

یەکێتی خۆی لە دانانی مەرجی نەبوونی خیانەتکردن لە ژیانی ئەو کەسانە دەدزێتەوە کە خۆیان بۆ هاوسەرۆکایەتیکردنی حزبەکە کاندید دەکەن، ئەمەش لە پێناو گەیاندنی خیانەتکارێکی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پۆستەکە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن میدیا و کادیرانی یەکێتییەوە بڵاو کراوەتەوە، مەرجەکانی خۆکاندیدکردنی هەر کەسێک بۆ پۆستی هاوسەرۆکی یەکێتی، بریتییە لە بوونی ناوبانگێکی باش و خەباتی زیاتر لە ١٠ ساڵ و تێوەنەگلان لە گەندەڵی.

لە زۆربەی وڵاتانی دونیا و لە هەرێمی کوردستانیشدا، حزبەکان لە پەیڕەوی ناوخۆیاندا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەو کەسەی باڵاترین پۆست وەردەگرێت، خیانەتی نیشتمانی ئەنجام نەدابێت، بەڵام واپێدەچێت یەکێتی خۆی لەم خاڵە بدزێتەوە و وەک مەرجێک داینەنێت.

پێشتر مەلا شێخە، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی راگەیاندبوو، هەریەک لە باڤڵ تاڵەبانی، بەرهەم ساڵح و لاهوور جەنگی بۆ هاوسەرۆکایەتیکردنی یەکێتی کاندیدن.

بەم جۆرەش بێت، هۆکاری دانەنانی مەرجی نەبوونی خیانەتی نیشتمانی لەنێو مێژووی کاندیدەکەدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە باڵەکەی هەوڵدەدەن لاهوور جەنگی بگاتە پۆستی هاوسەرۆکی یەکێتی.

لاهوور جەنگی، بە ئەنجامدانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تۆمەتبارە و خۆی و براکانی پێشتر لە سەر شاشەکان و بە جۆرەها شێواز بەرگرییان لە خیانەتەکە و داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن میلیشیاکانی عێراق کردووە. بەڵام واپێدەچێت سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی بڕیاری دابێت، هیچ هەڵوێستێک بەرامبەر بەم خیانەتە نیشان نەدات.