هەواڵى ناوخۆ

مەحمود سەنگاوی رەخنە لە هاوسەرۆكی حزبەكەی دەگرێ

ڕه‌وش پۆست

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی پێچەوانەی زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەی لەگەڵ سیستەمی هاوسەرۆكی نییە و دەڵێت، ئەو سیستەمە بۆ حیزبێك كە لە دەسەڵاتدایە گونجاو نییە.

پۆستی سکرتێری گشتیی لە یەکێتی نامێنێت و ئەو حیزبە لەداهاتوودا بەسیستەمی هاوسەرۆکیی بەڕێوەدەبرێت. مەحموود سەنگاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند: "لەگەڵ سیستەمی هاوسەرۆكی نیم بۆ حیزبەكەم، سیستەمی هاوسەرۆكی بۆ حیزبێك نابێت كە لەشاردا بێت ‌و بەشداری دەسەڵات بێت".

مەحموود سەنگاوی پێیوایە "ئەگەر ئێستا یەكێتی لە خەباتی شاخدا بووایە ئەو جۆرە سیستەمە كێشەی نەبوو، بەڵام بۆ حیزبێكی بەشدار لە دەسەڵات، هاوسەرۆكی باش نییە". بۆیە دەڵێت: "لەگەڵیدا نیم و پێشم باش نییە".

لەبارەی هۆكاری بەشدارینەكردنی لە كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی حیزبەكەی، مەحموود سەنگاوی گوتی "راستە تاوەكو ئێستا تەنیا بەشداریی یەک كۆبوونەوەم كردووە، چونكە بەشداربم یان نا، ئیش هەر دەڕوات ‌و بەزۆرینە شتەكان تێدەپەڕێ،‌ بۆیە لە کۆبوونەوەکان بەشدار نابم".