هەواڵى ناوخۆ

لە هەولێر نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشی دەروونی دروستدەکرێت

پارێزگاری هەولێر لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندا لە سەردانێکدا لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بەم نزیکانە لە هەولێر نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشی دەروونی دروستدەکرێت.

د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندا سەردانی كوێستان محەممەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتییان کردووە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە هاوئاهەنگی و هاوکاریی زیاتری نێوان دەزگە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەکان و پارێزگای هەولێر کردووە.

د. فرسەت سۆفی ئەوەیشی خستەڕوو، “تیشکمان خستە سەر ئەو نەخۆشخانە دەروونییەی بڕیارە بەم نزیکانە بە شێوازێکی سەردەمییانە لە هەولێر دەست بە دروستکردنی بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی گشتگیر و هاوبەشم لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی شێوازی نەخۆشخانەکە”.