هەواڵى ناوخۆ

به‌په‌له‌ .. مەرجی كورد بۆ حكومەتی نوێی عێراق خرایەڕوو

 

ڕه‌وش پۆست

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا و نوێنه‌ری‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دووپات له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستیی‌ كورد به‌رانبه‌ر بارودۆخی‌ عێراق كرایه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا، دۆخی عێراق و هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسی و فراكسیۆن و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێم بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق و كوردستان، هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌رباره‌ی هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان، تاوتوێ كران.

وه‌ك له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چووه‌ و نوێنه‌ری‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش ئاماده‌ی‌ بوون، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ و تێبینیی فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌كان له‌ به‌غدا و باسكردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان له‌ عێراق، هه‌مووان كۆك بوون كه‌ پێویسته‌ به‌ یه‌كهه‌ڵوێستی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی پرسه‌كان بكرێت و هه‌نگاوی كرده‌یی بنرێت بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی و پیڕه‌وێكی گشتگیری بۆ ئاماده‌ بكرێـت كه‌ مایه‌ی په‌سه‌ندی هه‌موو فراكسیۆنه‌كان بێت.

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا نووسراوه‌، كۆبوونه‌وه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ دۆخ و پێشهاته‌كانی عێراقی خسته‌ به‌ر باس و دووپاتی‌ له‌ پێویستیی گێڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیریی ته‌ناهیی و سیاسی بۆ وڵات و به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژی به‌رانبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌رانی سڤیل و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی داوا ڕه‌واكانیان له‌ خزمه‌تگوزاری و ژیان و ئاینده‌یه‌كی باشتر كرده‌وه‌.

له‌ كۆتاییشدا نووسراوه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌نگاونان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی عێراق تاوتوێ كراوه‌ و ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی قه‌واره‌ ده‌ستووری و سیاسییه‌كه‌ی و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، بنه‌مای سه‌ره‌كیی هاوبه‌شی و به‌شداریی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت، هه‌ر هه‌نگاوێكیش بۆ گفتوگۆی پێكهێانی كابینه‌ی تازه‌ی حكوومه‌ت به‌ هاوئاهه‌نگی‌ له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت به‌ شێوه‌یه‌ك مافه‌كانی هه‌رێمی تێدا پارێزراو بێت و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانیش به‌شداریی كارایان له‌ دروستكردنی بڕیاری هاوبه‌شدا هه‌بێت.