هەواڵى ناوخۆ

مایك پۆمپیۆ: رێگە بە ئێران نادەین مووشەكەكانی پەرە پێ بدات

 

ڕه‌وش پۆست

ململانێی ئەمەریكا و ئێران لەسەر چەند پرسێكی ستراتیجی بەردەوامە لەوانە پەرەپێدانی مووشەكە بالیستییەكان تا رادەی بوونی بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئێران بە پاڵپشتیكردنی تیرۆر وەسف دەكات و دەڵێت نابێت رێگەی پێ بدرێت مووشەكەكانی پەرە پێ بدات.

ئەمڕۆ سێشەم مایك پۆمپیۆ لە تویتێك نووسیویەتی، رژێمی ئێران سوود لە هەڵدانی مانگە دەستكردەكانی دەبینێت بۆ پەرەپێدانی تونای مووشەكییە بالیستییەكانی، بەوەیش هەڕەشە لە نەیارەكانی و سەقامگیریی ناوچەكە دەكات، روونی كردەوە، نابێت رێگە بە دەوڵەتێكی پاڵپشت بۆ تیرۆر لە دنیا بدرێت پەرە بە مووشەكەكانی بدات و تاقیان بكاتەوە.

ئەو قسانەی پۆمپیۆ دوای شكستهێنانی تاقیكردنەوەیەكی ئێران دێت بۆ هەڵدانی مانگێكی دەستكرد لەرێگەی مووشەكێكی بالیستییەوە لە چوارم هەوڵی شكستخواردووی ئەو وڵاتە كە دواترینیان یەكشەمی رابردوو بوو، لەوكاتەی بەرنامەی بۆشاییگەڕی ئێران بووەتە جێی نیگەرانیی ئەمەریكا و ئەوروپا بەوەی ئەو مووشەكانە بەكارهێنانی دووسەرەیان هەیە كە دەتوانن كڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرن.