وتار

ڕۆژنامەنووسێك:وه‌ڵامێكی جه‌رگبڕ ئاراسته‌ی لاهور جه‌نگی ده‌كات

نووسەر و ڕۆژنامەنووسێک ئاشکرای دەکات کە لاهوور جەنگی و دەزگای زانیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵێک گەنجیان بەکرێ گرتووە کە بە ”فاشیل و داشۆراو“ وەسفیان دەکات و رای دەگەیەنێت ئەو گەنجانە، وێنە و نووسینی کەسانی نێو کۆمەڵگە دەشێوێنن.

دوێنێ شەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٠، بەختیار شاخی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: ”دەزگای زانیاری، كە بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی كار بۆ پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان بكات، بۆتە داردەستی دەزگا سیخوڕییەكانی داگیركەران و كۆمەڵێك گەنجی فاشیل و داشۆراو لە ھەموو بەھایەكیان بەكرێ گرتووە و ٢٤ کاتژمێر سەرقاڵی شێواندنی وێنە و نووسینی كەسەكانی ئەم كۆمەڵگەیەن“.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە نوێترین كاری بێ بەھایاندا، پۆستێكی ئەویان بە بابەتێکەوە بەستووەتەوە كە ”منداڵی ساوا و شێتێكیش ناتوانێ ئاوا دوو شتی بێ پەیوەندی پێكەوە گرێ بدات“.

بەختیار شاخی ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو پۆستەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، لە بنەمادا ”وەرگێڕانی قسەیەكی زۆر جوانی ئۆشۆی فیلەسووف“ بووە، بەڵام ”ئەوان خۆیان گەوجێندراون و بەو ھەوایەش دەیانەوێ خەڵك بگەوجێنن و وا دەزانن خوێنەرانیش وەك ئەوان گەمژە و ساویلكەن“.

هەروەها نووسیویەتی: ”ئۆشۆ، فەیلەسووفێكە باسی ژیان و ڕەوشت و بەھای بەرز دەكات. ئەو شتانەش لای سایتی میللەتپرێس (كە ڕاستترە بڵێین میللەتفرۆش) و دەزگا داشۆراوەكەی خاوەنی، نە بیستراون و نە بۆنیشیان بە ڕەوشت و بەھاوە كردووە. ئەوان دژی ژیان و ڕەوشتی پاك كار دەكەن، ھەر بۆیە، دوێنێ وێنەی سەركردەیەكی خۆیان شێواند، ئەمڕۆش، ئاوا نەفامانە پۆستەكەی من بە مەرامی بۆگەنی خۆیان دەبەستنەوە“.