هەواڵ

گۆڕان: لە نێو یەکێتیدا کاری سیخوڕی و هەواڵگری هەیە

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداری بە یەکێتی دەدات و داوا دەکات، کۆتایی بە بەهەدەردانی سەروەتی خەڵکی سلێمانی بهێنێت و ئاشکرای دەکات کە ”خەڵکی سلێمانی باجی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی دەدەن“.

ئەمیری حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بە دەڵێت: یه‌كێتی له‌ دۆخێكی مه‌ترسیداردایه‌ و ده‌بێت کۆمەڵگە مه‌ده‌نی و دادگا له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌كه‌ بێنه‌ ده‌نگ“.

ڕوونیشی کردەوە کە ”گرفته‌كانی نێوخۆی یه‌كێتی بوونه‌ته‌ بارگرانی به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌و هه‌موو سه‌رزله‌ی نێو حزبەکە هه‌ریه‌كه‌ و خاوه‌نی هێزه‌، وای لێهاتووه‌ خه‌ڵك باجی بدات“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئێستا بە ڕوونی دەبیندرێت کە لە لایەن یەکێتیەوە ”غەدر و ناهەقی لە تێکۆشەرەکانی خۆشیان دەکەن، غەدر له‌ خه‌ڵكی سلێمانی ده‌كه‌ن“. بۆیە داوای لە یەکێتی کرد کە بیر لە خۆی بکاتەوە و پرسیاری کرد، ئاخۆ ”تا کەی سه‌روه‌تی ئه‌م خه‌ڵكه‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن، تا كه‌ی سلێمانی ئاوا لێ ده‌كه‌ن؟".

بە بڕوای سەرکردەکەی گۆڕان، لە نێو یەکێتیدا ”تەسفیاتی سیاسی“ دەستی پێکردووە کە بە کارێکی ”ئەوپەڕی بێ مۆڕاڵی“ وەسفی کرد و گوتی: ”سیاسەتیان ئه‌وه‌نده‌ بێزراو کردووە، لە نێو خودی حزبه‌كه‌ كاری سیخوری و موخابه‌راتی له‌سه‌ر سه‌ركرده‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، تاكه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی و كوردستان باجی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی یه‌كێتی بده‌ن؟".