هەواڵ

بەرهەم ساڵح لەژێر هەڕەشە دایە

بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق و جێگری دووەمی پێشووی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەژێر هەڕەشەی لەدەستدانی کورسییەکەی بەغدا و پۆستەکەی نێو حزبەکەیدایە.

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراق و پێداگریی خۆپیشاندەران لەسەر داواکاریی سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هێشتا نازاندرێت ئاخۆ جارێکی دیکە دوای هەڵبژاردن، بەرهەم ساڵح پۆستەکەی وەردەگرێتەوە یان نا، بە تایبەتیش کە دۆخی عێراق بە شێوەیەکە نازاندرێت لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات.

لە لایەکی دیکەوە، زیاتر لە دوو هەفتەیە ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتی لە کۆبوونەوەدایە و بڕیاری داوە سیستەمی هاوسەرۆکی بۆ حزبەکە پەیڕەو بکات، لەمبارەیەشەوە محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی رای گەیاندووە کە بەرهەم ساڵح هاوسەرۆکی ڕەت دەکاتەوە و ئەگەر پۆستی هاوسەرۆکی بۆ دابنرێت، ئەوا ”نایکات“.

لەلایەن خۆیەوە مسته‌فا چاڵاوی، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی رایگەیاند: “ره‌نگه‌ کۆبوونه‌وه‌ی دیکه‌ لەبارەی سیستەمی سەرۆکایەتیکردنی یەکێتی بکرێت، باوەڕ ناکەم بەم شێوەیە سیستەمەکە جێگیر بکرێت”.

هاوکات عوسمانی بانیمارانی، سەرکردەی پێشووی یه‌کێتی گوتی، دۆخەکە بۆ به‌رهه‌م ساڵح هه‌م له ‌به‌غدا و هەم لە نێو یه‌کێتیش، “ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ نه‌بێت که‌ خۆی خواستی لێ هەبوو”، بەڵام “ئێمه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تین، نازانین چی ده‌گوزه‌رێت”.

بە بڕوای نیشتیمان مورشید ساڵح، کارگێری مه‌کته‌بی پەیوەندییەکانی یه‌کێتی و په‌رله‌مانتاری پێشووی ئه‌و حزبه‌، ده‌بێت به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی ڕێک بکەون.

نیشتمان مورشید نەیشاردەوە کە “ڕەنگە” دەنگدان لە بەرژەوەندیی بەرهەم ساڵحدا نەبێت و رای گەیاند: “ڕەنگە هەلومەرجێک هەبێت کە دەنگدان لە بەرژەوەندیی تۆ نەبێت، بەڵام هێشتا نازانین هەڵوێستی بەرهەم ساڵح چی دەبێت”.

لەلایەکی دیکەوە جه‌واد سه‌عید، سەرکردەی پێشووی یەکێتی کە پێشتر لە بەرهەم ساڵحەوە نزیک بووە و لەگەڵیدا لەنێو هاوپەیمانیی نیشتمانی کاری کردووە، رایگەیاند، بەرهەم ساڵح لە بەغدا و لەنێو یەکێتیش خراوەتە دەرەوەی بازنەی پۆستە باڵاکان، “لە نێو یەکێتیدا بە هاوسەرۆکایەتی و لە بەغداش بە هەڕەشەی کاندیدنەکردنەوەی بۆ پۆستی سەرکۆمار، ره‌نگه‌ کۆتایی بەو یارییە بهێندرێت کە بەرهەم ساڵح لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەیکات”.