هەواڵى ناوخۆ

چین.. چاره‌سه‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆزرایه‌وه‌

شارەزایانی‌ چین ناوی‌ دەرمانێکیان ئاشکرا کردووە کە بەچارەسەری‌ یەکجارەکی‌ کۆرۆنا ناویانبردووە و لە ئێستادا حکومەت رەزامەندی‌ لەسەر بەکارهێنانی‌ ئەو دەرمانە دەربڕێوە.

ئاژانسەکانی‌ هەواڵ رایانگەیاند، زاناكانی بواری پزیشكی لە شاری تایتشۆی ویلایەتی چگیانگ پێكوتەیەكیان بەناوی" Avigan" دۆزیوەتەوە كە دەتوانێت ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا بە یەكجارەكی لەناوبەرێت و ئەو دەرمانەش لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە رەزامەندی لەسەر نیشاندراوە و لە ئێستادا لە بازاڕەكانی چیندا دەفرۆشرێت.

ئەوجۆرە دەرمانەی لە وڵاتی چین بۆچارەسەكردنی نەخۆشانی كۆرۆنا بەكاردەهێندرێت، ناوە زانستییەكەی بریتییە لە Avigan  یاخود  Favipiravir، لەلایەن كۆمپانیای Zhejiang Hisun ی چینی بۆ دروستكردنی دەرمان بەرهەمهاتووە.

ئەم دەرمانە بەیەكەم جۆری دەرمان دادەنرێت كە لە كاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە تائێستا حکومەت بە شێوەیەکی‌ فەرمی‌ رێگە بە فرۆشتنی‌ بدات لە بازاڕەکانی‌ ئەو وڵاتەدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر سەنتەری نیشتیمانی چینی بۆ تەكنیكی بایەلۆجی رایگەیاندبوو، چەند چارەسەرێك بۆ كۆرۆنا لەژێر تاقیكردنەوەدان كە پێدەچێت بتوانن بەتەواوی چارەسەری ئەو قەیرانە تەندروستییە جیهانییە بكەن، لەنێوان ئەو چارەسەرانەشدا سەنتەرەكە ئاماژەی بەهەردوو جۆری دەرمانی Favipiravir و Remdesivir  كردبوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، سەرەڕای دۆزینەوەی ئەو جۆرە پێكوتەیە، زاناكانی بواری پزیشكی و بایەلۆجی بەردەوامن لە گەڕان و تاقیكردنەوەی چارەسەرەكان  بۆ ئەو ڤایرۆسە.

بەپێی نوێترین ئامار كە دەسەڵاتدارانی چین بڵاویانكردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و 770 کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ 70 هەزار و 500 کەس بەرزبووەتەوە.