هەواڵى ناوخۆ

به‌په‌له‌ .. جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا بەتوندی وەڵامی ئاراس جەنگی دەداتەوە

ڕه‌وش پۆست

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بەبێ ئەوەی ناوی ئاراس جەنگی بهێنێ بەتوندی وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: ”بە بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە“ سەر دانانەوێت و پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی ناکات.

شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت: ”ئه‌وه‌ی من بناسێت، رۆژێک له‌ رۆژان شایه‌دیی ئه‌وه‌م بۆ ده‌دات کە من کێم“.
ڕوونیشی کردەوە کە خه‌بات و ماندووبوونی ٤٠ ساڵەی پێشمه‌رگایه‌تیی ئەو، ”به‌ درۆکردن و هێرش و پینه‌ و پەڕۆ ناشۆرێته‌وه‌“.

شێخ جەعفەر جەختی کردەوە: ”له‌ ئاستی ئه‌و که‌سانه‌ زۆر به‌رزتر و گه‌وره‌ترم کە ده‌یانه‌وێت له‌م رێگایانه‌وه‌ خەباتەکەم بیر ببه‌نه‌وه‌“.

شێخ جەعفەر بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ وردەکارییەک بدات، دەڵێت: ”هه‌موو ئه‌وه‌ی بڵاو ده‌کرێته‌وه‌، هه‌ڵمه‌تێکی داشۆراوه‌ له‌ ئه‌خلاق و ره‌وشتی سیاسی، دڵنیای هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌مه‌وه‌ نه‌ پاشه‌کشه‌ ده‌که‌م، نه‌ سه‌ر داده‌نوێنم، ئەوانه‌ی ده‌ستیان له‌پشته‌وه‌ بووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌“.

ئەو لێدوانەی شێخ جەعفەر لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئاراس جەنگی برای لاهور جەنگی ڕایگەیاند: شێخ جەعفەر سیخوڕی ئیرانە.