هەواڵ

گۆڕان هانا بۆ پارتی دەبات

ژمارەیەكی زۆر لەو پۆستانەی كە بەركەوتەی گۆڕانن لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستی یەكێتیدان، گۆڕان گازەندە دەكات لەوەی یەكێتی ئامادە نییە ئەو پۆستانەی رادەست بكات كە دیارترینیان پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەیە.

ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەی ئەو پۆستانە ئاشكرا دەكات كە گۆڕان لە حكومەت داوای دەكات و ئێستا بە دەست یەكێتییەوەن.

شەماڵ عەبدولوەفا، لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت: "بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی كردوومانە، گۆڕان 12%ی پۆستەكانی حكومەتی بەردەكەوێ‌. 8%ی ئەو پۆستانەی بەركەوتەی گۆڕانن ئێستای لای یەكێتین".

یەكێك لەو پۆستانەی كە گۆڕان داوای دەكات و یەكێتی دەستبەرداری نابێ‌، پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەیە. ئێستا گۆڕان دەیەوێ‌ لە رێگەی پارتییەوە قەناعەت بە یەكێتی بهێنێ‌ دەستبەرداری ئەو پۆستانە بێ‌ كە گۆڕان بە بەركەوتەی خۆی دەزانێت.

شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێ: "ئێمە داوامان لە پارتی كرد قسە لەگەڵ یەكێتی بكات، دوای ئەوەش كۆبوونەوەی سێ قۆڵی بكەین".