هەواڵى ناوخۆ

حکومەتى هەرێم کۆمپانیا و بازرگانە قەرزدارەکان دەدات بە دادگا

حکومەتى هەرێم ماوەى سێ مانگ بۆ ٧٥ قەرزدارى گەورە دیاریدەکات، ئەگەر بێت و قەرزەکانیان کە بڕەکەى زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دینارە نەگەڕێننەوە، ئەوا دەست بەسەر ماڵ و موڵکیان دەگیرێت و دەدرێنە دادگا.  

لە ساڵى ٢٠٠٣ ەوە تاکو ئێستا، حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى وەزارەتى دارایی و بە ناوى قەرزى ئاسانکارییەوە بڕى زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دینارى بە قەرز داوە بە بەڵێندەر و کۆمپانیا و بازرگانەکان. بەپێى گرێبەستى پێدانى قەرزەکان، دەبوو قەرزدارەکان کە لە ئێستادا ژمارەیان ٧٥ بەڵێندەر و کۆمپانیا و بازرگانە ساڵانە سودى قەرزەکان بە حکومەت بدەن، بەڵام لە ساڵى ٢٠١٤ ەوە نە سود و نە هیچ بڕە پارەیەکیان لە قەرزەکانیان بۆ حکومەت نەگەڕاندوەتەوە. 

کازم نامیق، بەڕێوەبەرى گشتى بانکە بازرگانییەکانى هەرێم بە رۆژنامەى هاوڵاتى راگەیاندوە، لە کۆى ئەوانەى کە قەرزیان لە حکومەت کردوە، لە ئێستادا ٧٥ کەسیان کێشەى نەگەڕاندنەوەى قەرز و سودەکانیان بۆ حکومەت هەیە کە بڕەکەى زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دینارە، لە کاتێکدا ئەو ماڵ و موڵکەى وەکو بارمتە لاى حکومەت دایانناوە، لە ئێستادا پارەى خۆى ناکاتەوە و ناگانە بەهاى قەرزەکانیان.  

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەگەر بێت و ئەو ٧٥ قەرزدارە لە ماوەى ئەو سێ مانگەى کە بۆیان دیاریکراوە قەرزەکانیان نەگەڕێننەوە، ئەوا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن و داواى باقى قەرزەکانیان لێدەکەن کە لە بەهاى ماڵ و موڵکەکانیان دەمێنێتەوە. یان دەست بەسەر هەرشتێکدا لە نمونەى زەوى و ئۆتۆمبێل و خانوو دەگیرێت کە بە ناوى قەرزدارەکانەوە بێت.  

ئاشکراشیکردوە، راستە لە ئێستادا کێشەى ئەوەیان هەیە کە موڵکە بە بارمتە دانراوەکان نرخى خۆیان ناکەنەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا بە رێژەى ٣٠% ئەو موڵکانە قەرز بە بەشى زۆرى قەرزارەکان دراوە.  

لاى خۆیەوە ئەحمەد عەبدولڕەحمان وتەبێژى وەزارەتى دارایى رایگەیاندوە، نوسراویان کردوە بۆ قەرزدارەکان و ئاگاداریان کردونەتەوە لەوەى کە دەبێت بەپێى ئەو رێنماییانەى کە بۆیان دیاریکردوە قەرزەکانیان تاکو سێ مانگى دیکە واتە تاکو مانگى ئایار بگەڕێننەوە، ئەگەرنا رێوشوێنى یاساییان لە دژ دەگرنەبەر. قەرزارەکان سەرپشکیش کراون لەوەى کە قەرزەکان بە شێوەى کاش یان چەکى بانکى بگەڕێننەوە.