هەواڵى ناوخۆ

گۆڕان: شاسوار عەبدولواحید 44 ملیار دیناری حکومەت قەرزارە

په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان ڕه‌خنه‌ی توند له‌ شاسوار عه‌بدولواحید ده‌گرێت و ئاشكراشی ده‌كات كه‌ بۆ كاری بازرگانی 44 ملیار دیناری له‌ حكوومه‌ت قه‌رزكردووه‌ و واده‌ی یاسایی به‌كۆتا هاتووه‌ و نه‌یداوه‌ته‌وه‌.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئاشكرای كردووه‌ كه‌ كۆمپانیای نالیا 44 ملیار دیناری له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قه‌رز كردووه‌ و نه‌یداوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید و پێیده‌ڵێ ناكرێت ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ قه‌رزار بی و نه‌یده‌یته‌وه‌ و بشڵێی ئه‌و دۆخه‌ ده‌گۆڕم.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان نووسیویه‌تی"باشترین خزمه‌تێک که‌ بیکه‌ن به‌ خه‌ڵک ئه‌م44 ملیار دیناره‌ قه‌رزه‌یه‌ که‌ بیده‌نه‌وه‌".

ئاشكراشیكردووه‌ كه‌"ده‌سه‌ڵات خانوو و شوقه‌ی گوندی ئه‌ڵمانی به ڕه‌هن وه‌رگرت، که‌ هی خه‌ڵک بوو، دواتر ڕه‌هنه‌که‌یان گۆڕی بۆ چاڤی لاند. بپرسه‌، زه‌ویت به‌به‌لاش پێبده‌ن، پاره‌ش به‌قه‌رز پێبده‌ن، بایی ده‌یان ملیۆن دۆلار شوقه‌ و خانوو بفرۆشیت، قه‌رزه‌که‌ش نه‌ده‌یته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ کێ ده‌کرێت! بڵێیت: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌، به‌ڵێ گه‌نده‌ڵه‌ به‌ڵام بۆ منی کردووه‌؟".

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح به‌بێ ناوهێنان په‌یامێك ئاراسته‌ی شاسوار عه‌بدولواحید ده‌كات و پێیده‌ڵێ"باشترین خزمه‌ت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م 44 ملیار دیناره‌ قه‌رزه‌ بده‌یته‌وه‌که‌ واده‌ی دانه‌وه‌ی یاسایی ته‌واوبووه‌و بخرێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵک".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان به‌ ته‌نزه‌وه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گرتن به‌رده‌وام ده‌بێت و نووسیویه‌تی"ناکرێت پاره‌ی خه‌ڵک و حکومه‌ت و بانک و پاس و ئاو و وه‌ستاو و کارمه‌ندو ده‌یان که‌ره‌سته‌ قه‌رزاربیت نه‌یده‌یته‌وه‌، به‌ڵام بڵێیت ئه‌م دۆخه‌ ده‌گۆڕم".