هەواڵى ناوخۆ

شاسوار تای ئەوە گرتوویەتی کە دینار بە دینار قەرزەکانی لێ وەردەگیرێتەوە

بەهۆی بڕگەیەکی یاسای چاکسازییەوە، شاسوار عەبدولواحید دەبێت قەرزەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە یانیش دەست بەسەر ئەو بارمتەیەدا دەگیرێت کە دایناوە، بۆیە باسی خۆپیشاندان دەکات، پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش وردەکارییەکە ئاشکرا دەکات.

پاش ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەمین دانیشتنی بۆ خستنە واری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا سیستەمی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاساکە دەربکرێت، بەم هۆیەشەوە ئەو بازرگان و سەرمایەدارانەی کە قەرزی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان لایە، ناچار بە گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت.

شاسوار عەبدولواحید کە یەکێکە لەو کەسانەی لە سەردەمی کابینەکەی بەرهەم ساڵحدا قەرزی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لایە و سەرۆکایەتیی گرووپێکی سیاسیی بچووک دەکات، چەند ڕۆژێکە داوای خۆپیشاندان لە خەڵک دەکات، بەڵام جگە لە خۆی و چەند کەسێکی سەر بە گرووپەکەی، هیچ بایەخێک بە بانگەشەکەی نەدراوە.

بەپێی زانیارییەکان، شاسوار عەبدولواحید لەم ماوەیەدا ترسێکی زۆری لەوە هەیە کە حکوومەت ڕێکارەکانی وەرگرتنەوەی قەرزەکەی دەست پێبکات، چونکە لەم حاڵەتەدا ئەگەر پارەکەشی نەگەڕێنێتەوە، بارمتەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت کە پێشتر دایناوە.

لەمبارەیەوە رزگار محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: ”یاسایەک لە پەرلەمان دەرچووە، ھەر کۆمپانیایەک پارەی حکوومەت و وەزارەتی دارایی لایە، دەبێت بیگەڕێنێتەوە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار رێکاری پێویست بگرێتە بەر تا ئەو پارانە بگێڕدرێتەوە“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە خەڵکی بۆیان دەرکەوتووە، شاسوار عەبدولواحید خەریکی چییە و گوتی: ”بەپێی زانیاریی من، بڕی ٧٤ ملیار دیناری حکوومەت قەرزارە، ٦٥ ملیار دیناری خەڵکیش قەرزارە، هەروەها سەدان دۆنم زەوی خستووەتە سەر پڕۆژەکانیەوە لە پێناو بەرژەوەندیی کەسیی خۆی“.

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان نەیشاردەوە کە بانگەشەکانی شاسوار عەبدولواحید بۆ خۆپیشاندان، پەیوەندی بە قەرزەکانی و یاسای چاکسازییەوە هەیە و رای گەیاند: ”تای ئەوە گرتوویەتی، ئەو یاسایە بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت و دینار بە دینار لیی وەردەگیرێتەوە“.

بەپێی یەکێک لە ماددەکانی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی، ئەو وەربەرهێن و سەرمایەدار و بازرگانانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا پارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بە قەرز لابووە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا پارەکەیان لێوەردەگیرێتەوە، یانیش دەست بەسەر بارمتەکانیاندا دەگیرێت.