هەواڵ

ڕۆژنامەی فەرمیی یەکێتی هیچ شوێنێکی بۆ کۆسرەت ڕەسووڵ و بەرهەم ساڵح تێدا نەمایەوە

پاش هەڵبژاردنی باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژنامەی فەرمیی زمانحاڵی حزبەکە، هیچ شوێنێکی بە کۆسرەت ڕەسووڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و بەرهەم ساڵح، جێگری پێشووی سکرتێری گشتیی حزبەکە نەدا.

لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)ی زمانحاڵی یەکێتی، لاپەڕەیەکی گەورە، لە بەشی سەرەوەیدا وێنەیەکی مام جەلال، سکرتێری گشتیی پێشووی یەکێتی و باوک و مامی هاوسەرۆکانی ئێستای حزبەکە هەیە، لەگەڵ وێنەیەکی گەورەی باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی، هەروەها لە سەرجەم لاپەڕەکانی دیکەی رۆژنامەکەش دەتانەت گۆشەیەکی بچووکیشیان بۆ ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی دانەناوە.

هەر لەمبارەیەوە، بەشێک لە هاوڕێکانی پێشووی بەرهەم ساڵح، بە ناڕاستەوخۆ لە دوێنێ سێشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٠ەوە کە هاوسەرۆکانی یەکێتی هەڵبژێردراون، رەخنە لە بەرهەم ساڵح دەگرن و لەمبارەیەوە بەهرۆز جەعفەر تەنیا نووسیویەتی: ”زۆرمان پێ گوتی، زۆر...“.

هەروەها سەروەر عەبدولڕەحمانیش ئەم دوو دێڕە فۆلکلۆرییەی نووسیوە:

چەندمان پێگۆتی شلەخەجێ‌ مەچووە بیتوێنێ

ئاوی ناسازە شلەخەجێ‌ توتنان ناهێنێ!

پێشتر (ره‌وش پۆست) ئەوەی بڵاو کردبووەوە کە بەرهەم ساڵح پۆستەکەی لە نێو یەکێتیدا لەدەست دەدات و هەڕەشە لەسەر کورسییەکەی بەغداشی هەیە، لە کاتێکدا بە مەرجی وەرگرتنی ئەو پۆستانە گەڕابووەوە نێو یەکێتی.