هەواڵى ناوخۆ

به‌په‌له‌ .. جووت ئامۆزا فەرمانی دەستگیركردن بۆ سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی دەردەكەن

دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیر كردن بۆ ئەندامێكی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی دەردەكات و دەقی فەرمانەكەش دەدات بە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بۆ جێبەجێ‌ كردنی.

بەپێی فەرمانی دەستگیر كردنەكە، كە وێنەی دراوە بە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، داوا كراوە سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی حزبەكە ڕەوانەی بنكەی پۆلیسی سەیوان بكەن بەهۆی ئەوەی فەرمانی دەستگیر كردنی هەیە.

بڕیاری‌ دەستگیركردنی‌ سامان گەرمیانی‌، درا بە فرۆكەخانەكانی‌ شارەكانی‌ سلێمانی‌ و هەولێرو داواش كرا بەدەستبەسەركراوی‌ بیدەن بەدەستی‌ پۆلیسی‌ سەیوانی‌ شاری‌ سلێمانی‌.

ماددەی (432) لە یاسای سزادانی عیراقی تایبەتە بە “هەڕەشە كردن”، و بۆ ئەوەش (خەڵك) پەیوەندی كرد بە سامان گەرمیانی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

لە مانگی 8ی ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئەو دۆسیەیە، سامان گەرمیانی ڕایگەیاندبوو، كە “بەبێ لە بەرچاوگرتنی مێژوو و خەباتی من هەستاون بە بڵاو كردنەوەی پڕوپاگەندەو درۆی بێبنەما لەسەر بەندەو خێزانەكەم. ئەمەش كاری یەكەمجاریان نییە بەڵكو ماوەیەك لەمەوبەرو كاتێك كاندید بووم بۆ پۆستێكی باڵا لە حوكمەتی نوێدا هەستان بە تۆمەتباركردنم بە تۆمەتی هەڕەشە و پەلاماردان كە خوودی جێگری سكرتێری گشتی بە سووپاسەوە بەدواداچوونی بۆ بابەتەكە كردوو بێتاوانیم پشتڕاست كرایەوە”.

وتیشی، “ئێستاش كە بەرەو كۆنگرە دەڕۆین بۆ جاری دووەم دەستكراوە بە هێرشێكی تر بەرامبەرم وەكو بەشێك لە پیلانگێڕی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی كۆنگرەو دروستكردنی دووبەرەكی لە نێوان دڵسۆزانی یەكێتیەكەمان كە ئەمەش شێوازێكی زۆر قێزەونە بۆ بەدەستهێنانی مەرامە گڵاوەكانیان كە یەكێتی وەك كۆمپانیایەك ئەبینن بۆ تێركردنی ئارەزووەكانیان یاخوود بۆ بەش بەش كردنی یەكێتییەكەمان و ڕێگریكردن لە پرۆسەی نوێبوونەوەو گەڕانەوە بۆ لووتكە”.