هەواڵ

كابینەی نوێ سلێمانی ئاوەدان دەكاتەوە

وەزیرێكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، حكوومەت بۆ ساڵی 2020 بڕی 180 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی دابین كردووە.

دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو كۆمەڵێك پڕۆژە لە پەرەپێدانی پارێزگاكان لە ساڵی 2019 كە 85%یان تەواوبووبوون، توانییان تەمویلی بۆ دابین بكەن.

وەزیری پلاندانان گوتی، لە ساڵی 2019دا نزیكی 33 ملیاریان لەلایەن حكوومەت بۆ پارێزگای سلێمانی دابین كردبوو، بۆ ئەمساڵیش بڕیاریان داوە 180 ملیار بۆ سلێمانی دابین بكەن.

ئاشكرای كرد، بۆ پڕۆژەی گرنگ و پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری، كاری لە پێشینە دەبێت و لە ماوەیەكی نزیكدا كاری تێدا دەكرێت، هەروەها پڕۆژەكانی ئاوی دووكان و ئاوی دەربەندیخان كاریان لێ دەكرێت.

ڕوونی كردەوە، لە ئەمساڵ ئەو قوتابخانانەی تەواو نەكراون و هەندێك شەقامی تر و پڕۆژەی تر كاریان تێدا دەكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوە و خزمەتكردنی سلێمانی.