هەواڵى ناوخۆ

به‌په‌له‌ .. عوسمان بانیمارانی: هاوسەرۆکایەتی ئاوها نابێت

ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی رەخنەی لەبارەی هاوسەرۆکایەتییەکەی باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی گرت و رای گەیاند، هاوسەرۆکایەتی بەم شێوەیە نابێت.

پاش ئەوەی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتی، باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی بە هاوسەرۆکی حزبەکە پەسەند کرد. عوسمان بانیمارانی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی و یەکێک لە سەرکردە ناڕازییەکان کە پێشتر داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی کۆنگرەی کردووە، رایگەیاند: ”هاوسه‌رۆکایه‌تی ئاوا نابێت“.

ڕوونیشی کردەوە، ناکرێت تەنیا لە سەرەوەی دەسەڵاتی حزبەکەدا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی جێبەجێ بکرێت، بەڵکوو ”دەبێت کۆی سیستەمەکە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، لە سەرکردایەتییەوە بۆ مەڵبەند و کۆمیتەکانیش هەمووی بکرێن بە هاوسەرۆکایەتی، ئەگینا ئەمە هاوسەرۆکایەتی نابێت“.

عوسمان بانیمارانی یەکێکە لەو دەیان کادیر و سەرکردانەی پێشووی یەکێتی کە لە دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ەوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەرچوون، کەچی دەرنەچوێندراون.

پێشتر ناوەندی وەستانەوەی یەکێتی کە باڵێکی تازە دەرکەوتووی حزبەکەیە ئاشکرای کردبوو، جگە لە ناڕازییەکانی دەرەوەی سەرکردایەتی، ٣١ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتیش بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیە نەکردووە کە تێیدا باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردران.