هەواڵى ناوخۆ

نوێنەری خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند: ئەگەر شاسوار عەبدولواحید خەمی ژیانی خەڵکیەتی با پارەی خاوەن پشکەکان بدات

نوێنەری خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند دەڵێ چەند بەرپرسێک لە سلێمانی پاڵپشتی شاسوار عەبدولواحید دەکەن بۆیە تاوەکو ئێستا مافی خاوەنپشکەکان نەدراوە، پێشیوایە کە" شاسوار بازرگانێکی فێڵبازە و پارەی تووشبووانی شێرپەنجە و کەسوکاری شەهیدانیشی خواردووە" 

نەژاد مەحمود، نوێنەری خاوانپشکەکانی چاڤیلاند، ڕایگەیاند: "ماوەی زیاتر لە نۆ ساڵە نزیکەی دە ھەزار خێزانی خاوەنپشک لە پڕۆژەی چاڤی لاند بڕی ٢٢ ملیۆن دۆلاریان داوەتە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا و پڕۆژەی گەششتیاری چاڤیلاند بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە قازانچی پڕۆژەی چاڤیلاند، سەرەڕای ئەوەی پڕۆژەی چاڤیلاند ساڵانە قازانجێکی زۆر دەکات بەڵام خاوەن پشکێکی چاڤیلاند بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار پشکی کڕیبێت، لەماوەی نۆ ساڵدا تەنیا ٨٠٠ ھەزار دیناری وەرگرتووە، ئەگەر خاوەن پشکێکیش بەبڕی یەک ملیۆن دینار پشکی کڕیبێت، تەنیا ھەشتا ھەزار دینار قازانجی وەرگرتووە". 

گوتیشی: "شاسوار عەبدولواحید، بە پاڵپشتی چەند بەرپرسێکی باڵای شاری سلێمانی، توانی ڕێژەیەکی فراوان زەوی لە بناری گۆیژە وەربگرێت، بۆ ئەوەی بیکات بە پڕۆژەی وەبەرھێنان و پڕۆژەی گەشتیاری". 

دەشڵێ: "ئەو بازرگانە بە پارەی خەڵکی کوردستان، بەشێوەیەکی ناشەرعی ھەموو پڕۆژەکانی خۆی تەواوکرد، ئێستاش پارەیەکی زۆری ھاووڵاتیانی لەلایە و ئامادەنییە قوتی ئەو خەڵکە ھەژارە بداتەوە کە پارەی خۆیان داوەتە دەستی بازرگانێکی ساختەچی و پارە خۆر". 

نەژاد مەحمود، ئاماژەی بە ئەوەش کرد کە خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند بەردەوام داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە و ساکاڵای یاساییان تۆمار کردووە، بەڵام " تاکو ئێستا کەس نەیتوانیوە ماف بۆ خاوەن پشەکانی چاڤیلاند بگەڕێنێتەوە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چەند کەسێکی باڵا لە سلێمانی پاڵپشتی لە خودی شاسوار عەبدولواحید دەکەن" بۆیە نەیانتوانیوە مافەکانی خۆیان وەربگرینەوە.

نوێنەری خاوانپشکەکانی چاڤیلاند ڕاشیگەیاند: "ھیوادارم ھیچ کەسێک باوەڕ بە شاسوار عەبدولواحید نەکات، چونکە بازرگانێکی پارەخۆر و فێڵبازە، کەسێک پارەی تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە و شەلەل دەماغ و کەسوکاری شەهیدی خواردبێت، ھەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر خەڵک باوەڕی پێ بکات". 

جەختیشیکردەوە کە "ئەگەر شاسوار عەبدولواحید، خەم بۆ ژیانی خەڵک دەخوات با پارەی دە هەزار خاوەن پشک بداتەوە".