هەواڵ

گۆڕان: خەڵک ناکەونە داوی فێڵەکانی شاسوارەوە

به‌رپرسێكی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت، هاووڵاتییان ناكه‌ونه‌ شوێن شاسوا عه‌بدولواحید و پشتیوانی له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی ناكه‌ن بۆ خۆپێشاندان، قه‌رزێكی زۆری لای حكوومه‌ته‌ ده‌یه‌وێت به‌م جوڵانه‌ نه‌رمی بۆ بنوێنن و قه‌رزه‌كانی لێوه‌رنه‌گرنه‌وه‌.

نزار مه‌حموود به‌رپرسی مه‌كۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ "وشه"ی ڕاگه‌یاندوە، بانگه‌وازی شاسوار عه‌بدولواحید مه‌رامی تایبه‌تی خۆی له‌ پشتییه‌وه‌ هه‌یه‌، حكوومه‌ت و په‌رله‌مان به‌ یاسا ده‌ستیان كردووه‌ به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان له‌ سه‌رمایه‌داره‌كان، شاسوار عه‌بدولواحید بازرگانه‌ و پاره‌یه‌كی زۆری حكوومه‌تی له‌لایه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێی خۆپێشاندانه‌وه‌، وا له‌ ده‌سه‌ڵات بكات نه‌رمی بنوێنێت به‌رانبه‌ری."

زیاتر گوتی، هه‌رگیز هاووڵاتییان به‌ ده‌م شاسوار عه‌بدولواحیده‌وه‌ نایه‌ن بۆ خۆپێشاندان چوونكه‌ هاووڵاتییان ده‌ی ناسن، خه‌ڵك باش ئه‌وه‌ ده‌زانێت كاتێك باسی باشكردنی ژیانی خه‌ڵك ده‌كات ئه‌ی بۆ چه‌ندان ساڵه‌ به‌ناوی پشكه‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی بردووه‌ كۆمپانیای پێ دروستكردووه‌ پاره‌كانیان ناداته‌وه‌، با شاسوار له‌ خۆییه‌وه‌ ده‌ست پێبكات و مافی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ لێ سه‌ندوون به‌ناوی پشكه‌وه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌یشكرد، شاسوار عه‌بدولواحید له‌گه‌ڵ ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ كۆمپانیاكانی كارده‌كه‌ن و ئه‌وكه‌سانه‌ی پاره‌ی لێ وه‌رگرتوون به‌ناوی پشكه‌وه‌ شه‌فاف نییه‌، خه‌ڵكی وا هه‌یه‌ خانووی بۆ فڕۆشتوون سه‌یاره‌ی فرۆشتووه‌ داویه‌تی به‌ پشك لای شاسوار به‌ڵام تا ئێسته‌ یه‌ك فلسی پێ نه‌داونه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ ناشه‌فافییه‌.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی پێیان وایه‌ شاسوار عه‌بدولواحید دزی له‌ خاوه‌ن پشكه‌كان كردووه‌، نزار مه‌حموود ده‌ڵێت، خۆی دیاره‌ ئه‌و پاره‌ی له‌ خه‌ڵك وه‌رگرت به‌ناوی پشك و شه‌ریكایه‌تی به‌ڵام ئه‌وه‌ چه‌ندان ساڵه‌ هیچ  پاره‌یه‌كیان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا چاڤی لاند داهاتێكی زۆری هه‌یه‌، ئه‌ی كوا پاره‌ و شه‌فافییه‌ت.

ئێمه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ به‌رنامه‌ی چاكسازی ماندا ئه‌وه‌ییه‌ ده‌بێت قه‌رزی لای كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داره‌كان وه‌ربگیردرێته‌وه‌ پشتیوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانین، قه‌رزی لای ته‌واوی سه‌رمایه‌داره‌كان وه‌ربگیردرێته‌وه‌ ژیانی هاووڵاتییانی پێ باشبكرێت، هه‌لی كار بۆ بێكارانی پێ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.