هەواڵى ناوخۆ

لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمان لێکۆڵینەوە لە چەند کەیسێکی شاسوار عەبدولواحید دەکات

ئەندامێکی لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەوان لێکۆڵینەوە لە چەند کەیسێکی شاسوار عەبدولواحید، بازرگانی قەرزی حکوومەت کە سەرۆکایەتیی گرووپێکی بچووکی سیاسی دەکات، دەکەن.

شوان کەریم، ئەندامی لێژنەی شارەوانی و وەبەرھێنان راگەیاند، حکوومەت ڕژدە لەسەر وەرگرتنەوەی قەرزەکانی لای وەبەرھێنەر و بازرگانەکان، شاسوار عەبدولواحیدیش یەکێکە لەو کەسانە کە دەیان ملیار دینار قەرزارە و ”دەبێت جگە لە قەرزەکانی، سووی قەرزەکەش بداتەوە“.

ڕوونیشی کردەوە: ”شاسوار وابیر دەکاتەوە کە ئەگەر خۆپیشاندان بکات، حکوومەت دانوستانی لەگەڵدا دەکات و لە قەرزەکانی خۆش دەبێت، بەڵام ئەو ھەڵەیە، حکوومەت پارەکەی لێوەردەگرێتەوە بە سووی سەر قەرزەکەشەوە“.

هەر لەمبارەیەوە سەعید تەتەرخان، جیگری سەرۆکی لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، کەیسی گەندەڵییەکانی شاسوار عەبدولواحیدمان گەیشتووەتە دەست و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەین“.

ڕوونیشی کردەوە کە گەندەڵی و کارە نایاساییەکان چەندان کەیسن، لە نێوانیاندا ”کەیسی چاڤیلاند، کەیسی ڕێگەی دووسایدی لای چاڤیلاند، کەیسی قەرزەکان و سووەکان و …هتد“.

دووپاتیشی کردەوە: ”دوای پێداچوونەوە، ئەو کەیسانە رادەستی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان دەکەین، تاوەکوو دەست بە رێکارە یاساییەکان بەرامبەر شاسوار عەبدولواحید بکرێت“.