هەواڵ

فرسەت سۆفی : یەكێتی تووشی شەرمەزاری كرد

پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی “ئەو کچە حەوت ساڵانەی دەستدرێژیی کرابووە سەر” بۆ راگەیاندنەکان دوا و هاوکات لەسەر دەسەواژەیەکی نێو راگەیێندراوەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەبارەی ئەو حاڵەتەوە نووسیبوویان، رایگەیاند، هەولێر دیاردەی قێزەونی تێدا نییە.

د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، “لێرەوە بە فەرمی داوای روونکردنەوە لە سەرکردایەتیی یەکێتی دەکەین کە مەبەستیان لە “دیاردەی قێزەون لە هەولێر” چییە؟ ئێرە دیاردەی قیزەونی تێدا نییە و شارێکە هەمیشە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و پێکەوەژیانی تێدا بووە”.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، “هەولێر یەکێکە لەو شارانەی لە رووی ئاشتیی کۆمەڵایەتییەوە سەربەرزە و دەبوو برادەرانی سەرکردایەتیی یەکێتی لەجیاتیی ئەو قسەیە سەرکۆنەی ئەو هێرشە مافیاییەیان بکردایە کە رێگرییان لە هاتنی غاز کرد بۆ هەولێر و پارێزگاکانی دیکە. بۆیە من پێم سەیر بوو کە بە “دیاردە” ناویان بردبوو”.

د. فرسەت سۆفی ئەوەیشی خستەڕوو، “لە هەموو شوێنێکی دنیادا تاوان دەبێت و حاڵەت دەبێت و زۆر بە جیددی ئەم تاوانبارانە سزادەدەین. هیچ تاوانێک لە گەورەیی و شکۆی هەولێر کەمناکاتەوە”.

لەبارەی تێبینییەکان و سکاڵای باوکی کچەکە، ئەنجوومەنی دادوەری دەڵێت، “هه‌ر كه‌سێك تێبینی یان رەخنه‌ی له‌ بڕیاره‌كانی دادگا هه‌یه‌ ده‌توانێ به‌ رێگه‌ی یاسایی خۆی تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ بدات. هه‌روه‌ها سكاڵاكار له‌گه‌ڵ بریكاره‌كه‌ی ده‌توانێ سه‌ردانی دادگای تاوانه‌كان بكات بۆ دڵنیابوون له‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه”‌.