هەواڵ

مه‌سعود بارزانی: دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی حكوومەتی عەلاوی سەركەوتوو نییە و قبووڵ ناكرێت

مەسعوود بارزانی، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی زاگرۆسی عەرەبی، باسی لە چەند پرسێكی هەنووكەیی ئێستەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد، هەڵوێستی خۆیشی لە بەرانبەریان دەربڕی.

مەسعوود بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ كەناڵی زاگرۆسی عەرەبی كە ئەمڕۆ سێشەم 25ـی شوبات دەقی چاوپێكەوتنەكەی بە کوردی بڵاو كراوەتەوە رایگەیاند، خۆپیشاندانەكانی ئێستە پەرچەكرداری شكستەكانی رابردوون و پێویستە كار لەسەر چاككردنەوەی هەڵەكان بكەن، كە بوونەتە هۆی ئەو شكستانە.

بارزانی گوتی، لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆمان بۆ خۆپیشاندەران و داوا رەواكانیان دەربڕیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوامان كردووە، چارەسەرەكە ئاشتییانە بێت و رێگە بە كەسانی هەڵپەرست نەدەن سواری شەپۆلەكە ببن.

ئەگەر عەلاوی بەبێ بەشداریی كورد و سوننە كابینەكەی پێك هێنا، ئەوا پیرۆزی بێت

بارزانی دووپاتی لەوەش كردەوە، هەولێر دەبێتە شوێنێكی گونجاو بۆ میوانداریكردن و كۆبوونەوەی نێوان سەركردە سیاسییەكان و نوێنەرانی خۆپیشاندەران، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو و دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستەی وڵات تێی كەوتووە.

بارزانی، لە بارەی محەممەد تۆفیق عەلاوی و میكانیزمی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت گوتی، عەلاوی لە خێزانێكی دیارە، بەڵام میكانیزمی دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی حكوومەتەكەی سەركەوتوو نییە و قبووڵ ناكرێت، پێویستە كار لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینە و دەستنیشانكردنی وەزیرەكان بکات، هەموو سەرپێچییەكیش رەت دەكەینەوە، كە دەبنە هۆی پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق.

بارزانی روونیشی كردەوە، سونە و كورد و ژمارەیەكی زۆر لە شیعەكان لەو شێوازەی عەلاوی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی رازی نین، چونكە گوایە بەناوی سەربەخۆیی و بێلایەنیی وەزیرەكان دەستنیشان دەكەن، بەڵام دواتر بە ئارەزووی خۆیان بەكاریان دەهێنن، هەروەها ئەگەر عەلاوی بەبێ بەشداریی كورد و سوننە كابینەكەی پێك هێنا، ئەوا پیرۆزی بێت.

بارزانی ئاشكرای كردووە، رێككەوتنی عەلاوی لەگەڵ دوو لایەن، یان سێ لایەن، نابێتە هۆی پابەندبوونی ئەو لایەنانەی كە لە رێككەوتنەكەدا نین.