هەواڵى ناوخۆ

سەرکردەیەکی یەکێتی: گرفتێکی گەورە له ‌به‌رده‌م یه‌کێتی ماوە

سەرکردەیەکی یەکێتی، گرفتێکی گەورەی حزبەکەی ئاشکرا کرد و رای گەیاند کە داوا کراوە، بابەتەکە نەورووژێندرێت تاوەکوو کاردانەوەی خراپ روونەدات.

مه‌لا شێخه‌، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی دەڵێت، ”تا ئێستا گرفتی گەورە له ‌به‌رده‌م یه‌کێتی یه‌کلا کردنه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسییە که‌ هێشتا ماوه‌ و یه‌کێکه‌ له‌ بابەتە قورسەکان“.

روونیشی کردەوە، بڕیار دراوه‌ کاروباره‌کان په‌له‌په‌لیان تێدا نه‌کرێت، چونکە هێشتا ”بەشێکی کەمی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی ماوە کە لەسەری ڕێککەوتن بکرێت“.

گوتیشی: ”هه‌ڵبژاردنی کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی و مه‌کته‌ب و مه‌ڵبه‌نده‌کان، رێگا و ڕێوشوێنی بۆ دیاریکراوه‌، داواکراوه‌ ئەم بابەتە نەورووژێندرێت تا کاردانەوەی خراپ روونه‌دات، واخه‌ریکی ئه‌وه‌ن و گفتوگۆ ده‌کرێت“.

هۆکاری بەشداریکردنی باڤڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیشی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٠ی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان ئاشکرا کرد و رای گەیاند: ”کۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی باری تەندروستی لەبار نەبوو بۆ ئەوەی به‌شداریی کۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌ کوردستانییه‌کان بکات، بۆیه‌ باڤڵ تاڵه‌بانی بانگهێشت کرا“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی ئاگاداری ئەنجوومەنی گشتیی سه‌رکردایه‌تیی یەکێتی کردووەتەوە، ”‌ په‌له‌په‌ل نه‌که‌ن له‌ بڕیارەکاندا“، بۆ ئەمەش جەختی لەو نامەیە کردووەتەوە کە ئاراستەی سەرکردایەتیی حزبەکەی کردووە، تێیدا نووسیویەتی: ”شتێک نه‌که‌ن له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستان و یه‌کێتیدا نه‌بێت، به ‌وردی کار له‌سه‌ر کارنامه‌ بکه‌ن“.

لە دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کە لە کۆتایی ٢٠١٩ ئەنجام درا، جگە لەم کێشانەی لەنێو ئەنجوومەنەکان و باڵەکانی حزبەکەدا هەیە، دەیان سەرکردەی پێشوو و کادیری دیاری یەکێتی ناڕازین و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە کۆنگرەدا دەرچوون کەچی دەرنەچوێندراون، لە نێویشیاندا (عوسمان بانیمارانی، هەڵۆ پێنجوێنی، بەرزانی ئەحمەد کوردە، سامان گەرمیانی، قادر رەزگەیی، سالار مەحموود و چەندانی دیکە) هەن کە هەندێکیان داوای دووبارەکردنەوەی کۆنگرە دەکەن.