عیراقى و جیهانى

كۆرۆنا هەموو كەسێك ناكوژێت و بەگەرما كەم دەبێتەوە

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا بۆ زیاتر لە 80 هەزار كەس و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 2700 كەس زیادی كردووە و لە وڵاتی نوێ تۆمار كراوە، شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو نەخۆشییە لە هەموو حاڵەتێك ناكوژێت و نەخۆشییەكی وەرزییە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما نامێنێت. 

جەزلە فزە، پزیشكی شارەزای تەندروستی گشتی پێشبینی دەكات لەگەڵ دەست پێكردنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما نەخۆشییەكە كەم ببێتەوە، چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پەلەی بەرزی گەرما ناژیت، ئەوكاتەی پلەكانی گەرما دەگاتە 30-40 پلەی سەتی، ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەوا و لەسەر رووەكان لەناو دەچێت، بۆیە زانایان گەشبینن بە كەمبوونەوەی توانای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە هەردوو وەرزی بەهار و هاویندا.

لەبارەی ئەگەر گەڕانەوەی ڤایرۆسەكە لە زستانی ساڵی داهاتوو، ئەو شارەزایە گوتی، ئەو هاوشێوەی ئینفلەوەنزای وەرزییە و ئەو كەسانەی تووشی بووبوون و چاكبوونەتەوە بەرگری پەیدا دەكەن، بەڵام رەنگە ئەوكاتەی ڤایرۆسەكە دەگەڕێتەوە پەرەی بەخۆیدا بێت و شێوەیەكی نوێی وەرگرتبێت.

سایمۆن كلارك، شارەزای مایكرۆبایۆلۆجی لە زانكۆی ریدینگی بەریتانی دووپاتی كردەوە كە هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە ئەوەیە كە كەشوهەوای سارد ئینفلەوەنزا و كۆكە و سەرمابوون زیاتر دەكات و هەوكردنی لووت و بۆری هەناسە دروست دەكات و وا دەكات زیاتر ئەگەری تووشبوون بەو پەتا ڤایرۆسییە هەبێت. 

روونی كردەوە، كۆرۆنا لە رێگەی كۆكین كەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە كە كەشوهەوای سارد و وشك وا دەكەن ئەو پرووشكەی كۆكین و ڤایرۆسەكە ماوەیەكی زیاتر لەهەوادا بمێننەوە و بۆ ماوەی دوورتر بگوازرێنەوە، لەوكاتەی توێژینەوەیەكی چینی دەڵێت كە ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا لەوانەی پێشوو بڵاوتر بووەتەوە، بەڵام بكوژ نییە و خێرایی و زۆری بڵاوبوونەوەی ژمارەی قوربانییەكانی لە دنیا زیاد كردووە. 

شایەنی باسە ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمڕۆ سێشەم گەیشتووەتە 80 هەزار 256 هەزار حاڵەت و ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە 2707 كەس، لەوانە 2663یان لە چینن و لە ئێرانیش ژمارەی تووشبووان گەیشتە 95 حاڵەت و ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە 15 كەسن.