هەواڵ

ئومێد خۆشناو: بۆ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی زیاتر فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ نوێنه‌ریان له‌ حكومه‌ت‌ كۆبوونه‌وه‌

به‌ مه‌به‌ست دروستكردنی كۆده‌نگی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی كوردستان  و ئاماده‌كاری بۆ كاره‌كانی خولی به‌هاره‌ی په‌رله‌مانی كوۆدستان ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئەو لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی بەشدارن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوه‌

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ رایگه‌یاند: ئامانجی كۆبوونەوەكەش ئامادەكاری بووە بۆ دەستپێكی كارەكانی خولی بەهارەی پەرلەمان.

هه‌روه‌ها سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان راگه‌یاند، لە کۆبوونەوەی ئه‌مرۆدا لەسەر ئەوە رێككەوتین كە لە خولی وەرزی بەهارە، پێكەوە پرۆژە یاسا پێشكەش بكەین ‌و هاوئاهەنگی نێوانمان زیاتر بكەین، ئەمەش لەپێناو بەڕێكردنی خولێكی پڕكار ‌و پرۆژەی باش. 

شایه‌نی باسه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ هەریەك لە حیزبەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، حیزبە کریستیان ‌و توركمانەكان كە نوێنەریان لە پەرلەمانە، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربوون و  ئەمەش لەکاتێک دایە کە لە یه‌كی ئازار خولی نوێی وەرزی بەهارەی پەرلەمان دەستپێدەكاتەوە.