هەواڵى ناوخۆ

ئەمریکا: سولەیمانى بە نیازى کودەتابوو لە عێراق بۆیە کوشتمان

مارک ئیسپەر وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بەرگرى لە بڕیارى کوشتنى قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى ئێرانى دەکات و دەڵێت بە نیازى کودەتا بوو لە عێراق بۆیە کوشتمان

 رۆژنامەى واشنتۆن تایمزى ئەمریکى لە زارى مارک ئیسپەر وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بڵاویکردەوە، فەرمانى دۆنأڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بۆ کوشتنى قاسم سولەیمانى بڕیارێکى دروست و لە جێى خۆیدا بووە.

ئیسپەر ئاماژەى بەوەشکردوە، سولەیمانى پلانى کوشتنى زیاترى ئەمریکییەکانى دانابوو، لەگەڵ ئەنجامدانى کودەتا لە عێراق.

راشیگەیاندوە، بە بۆچوونى ئەو چۆڵکردنى گۆڕەپانەکە لە سولەیمانى لەمپەرى بۆ سوپاى پاسداران و حکومەتى ئێران دروستکردوە سەبارەت بە جموجوڵ و چالاکییەکانیان لە ناوچەکەدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە دواى کوشتنى سولەیمانى لەلایەن ئەمریکاوە، هەردوو ئەنجومەنى نوێنەران و پیرانى ئەمریکا پرۆژە یاسایەکیان بۆ سنوردارکردنى دەسەڵاتەکاتى ترەمپ لە بوارى کردە سەربازییەکاندا پەسەند کرد.

قاسمى سولەیمانى لە رۆژى ٣ کانوونى دووەمى رابردوو لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى ئەمریکییەوە لە کاتى هاتنى لە سوریاوە بۆ فڕۆکەخانەى بەغداد لەگەڵ ئەبو مەهدى موهەندیس جیگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى کوژرا.

لەبەرامبەریشدا ئێران چەند موشەکێکى ئاراستەى بنکەى سەربازى عەین ئەسەد لە ئەنبار کرد و بە تۆڵەکردنەوە لەبەرامبەر کوشتنى سولەیمانى لە قەڵەمیدا.