هەواڵى ناوخۆ

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دڵنیایی ده‌داته‌ خه‌ڵكی كوردستان

فارس عیسا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندوە هەندێک هەوڵی نەزۆک لە بەغدا دەدرێ بۆ دروستکردنی ئاستەنگ بۆ مووچە، ئەو هەوڵانەی هەندێک پەرلەمانتاری شیعە دەیدەن هیچ کاریگەری نابێ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، چونکە ئەوەی دەنێردرێ بە یاسا کراوە.

هەروەها ڕوونی کردەوە كە لە سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، خەڵکێک هەن هەوڵی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەدەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و سەرکەوتووش نابن و هەوڵیان بێهودەیە.
فارس عیسا جەختی کردەوە ئەگەر هەندێک دەنگی نەشازیش هەبن، بەڵام گرنگ ئەوەیە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق یەکدەنگن لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.

نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەردەوامی دەبێ، گوتیشی "لای ئێمە و بە تایبەتی لای سەرۆك وەزیرانی كوردستان مووچە هێڵی سوورە، نابێت جارێکی تر کەس دەست بۆ مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان ببات".