هەواڵى ناوخۆ

میلیشیا شیعەکانی عێراق بانگەوازی جەنگی دژی ئەمریکایان ڕاگەیاند

گروپە میلیشیا شیعەکان نامەیەکی توندی هەڕەشە ئامێزیان ئاراستەی سوپای ئەمریکا کرد و ڕایانگەیاند بەو زمانە قسەتان لەگەڵ دەکەین کە لێی تێدەگەن ئەویش زمانی هێزە.

لە بەیاننامەیەکدا کە هەریەک لە گروپە میلیشیا شیعەکانی (عەسائیبی ئەهلی حەق، حەرەکەی نوجەبا، کتائیبی سەید شوهەدا، کەتائیبی ئیمام عەلی، حەرەکەی وەفا، سرایا عاشورا، حەرەکەی جوندولئیمام و سەرایا خۆراسانی) هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکرێت.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە هەڵوێستی ئەوان ڕوون و نەگۆڕە و دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکان لە عێراق و ناچارن بەو زمانەش ئەوەیان تێبگەیەنن کە زمانی هێزە.

لە بەیاننامەکەدا کاندیدبوونی عەدنان زورفی ڕەتکراوەتەوە و بە "پیاوی هەواڵگریی ئەمریکا" ناوی براوە و ئاماژە بەوەکراوە کە داهاتووی عێراق ئەگەر بکەوێتە دەست زورفی لە مەترسییدا دەبێت.

لە بەیاننامەکەدا کە بە زمانێکی توند نوسراوە، باس لەوەشکراوە کە "هێزەکانی ئەمریکا لە ئاستێکدا نین بەرگەی هێرشی گەل بگرن و شکست دەهێنن".

ئەمەش لەکاتێکدایە کە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگریی باس لەوە دەکەن ئەمریکا پلانێکی وردی هەیە کە لە مانگی نیساندا هێرشێکی فراوان بۆ سەر میلیشیا شێعەکان دەستپێبکات و کۆتایی بە هەژموونیان بهینیت.