هەواڵى ناوخۆ

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی: ١٠ رۆژی سەخت و پڕ مەترسیمان لەبەردەم دایە

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٢٠ ڕۆژی سەختی بۆ هاووڵاتیان لە لایەک و بۆ پزیشکان و کارمەندان لە لایەکی دیکە راگەیاند.

د. خاڵس ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، تکایە لە ماڵ بمێننەوە و پابەندی ڕێنماییەکان بن.

ڕوونیشی کردەوە: “بەداخەوە ئێستا ئێمە بەرەو لوتکەی پەتای کۆرۆنا دەڕۆین، ١٠ ڕۆژی داهاتوو بۆمان پڕ مەترسییە بۆ تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوە یان سنووردارکردنی ڤایرۆسەکە. دوای ئەوە، ١٠ ڕۆژی سەخت بۆ نەخۆشخانە پزیشک و کارمەندانمان دەست پێدەکات بۆ چارەسەر و چاودێریی حاڵەتە قورس و توندەکان و گیان لەدەستدانەکان، خودا پەنامان بدا و پشت و پەنامان بێت، بتوانین بە کەمترین لەدەست دان، ئەو قۆناغە سەختە تێبپەڕێنین”.

باسیشی لەوە کردووە کە ئەگەر خەڵکی بە باشی پابەند بێت و لە ماڵ بمێننەوە و تێکەڵ نەبن، ئەوا زیانەکان زۆر کەم دەبێت، ئەگینا “ئەنجامەکان هەموومان ئازا ر دەدات”.

دووپاتیشی کردووەتەوە: “هاوکار و پشتیوانی یەکتر بن، چەند ڕۆژێکی سەختمان لەپێشە، دواتر هەمووان ئاهەنگی ڕزگار بوون لە مەترسیی کۆرۆنا بەیەکەوە دەگێڕین”.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ د. دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ولێر بۆ (باسنیوز) گوتی: ”نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری هه‌ولێر 480 قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ و بۆ تووشبوانى په‌تاى كۆرۆنا دانراوه‌، هیوادارین ئه‌و ژماره‌مان نه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئاماره‌كان زیاد ده‌كه‌ن و نازانین چۆن ده‌بێت جارێ“.

به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ولێر ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: ”قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ پشتڕاسته‌ به‌ یاسای ته‌ندروستیی عێراق بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر په‌تایه‌ك، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌م ڕێكارانه‌ بگرێته‌ به‌ر و ئه‌وانه‌شی نه‌یگرێته‌ به‌ر، وه‌ك سه‌رپێچی كار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی پابه‌ندنه‌بوون ڕێكاری یاساییان له‌ به‌رانبه‌ردا ده‌گیرێته‌ به‌ر و لێپیچینه‌وه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وانه‌ی قه‌ره‌باڵغی دروست ده‌كه‌ن و به‌ركه‌وتن زیاد ده‌كه‌ن“.