هەواڵى ناوخۆ

گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکاتەوە هاونیشتمانیانمان دەتوانن بگەڕێنەوە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەگەڵ بەغدا لە هاوئاهەنگیدان بۆ گەڕانەوەی خوێندکاران و هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتانی دەرەوە گیریان خواردووە و گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکاتەوە دەتوانن بگەڕێنەوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو خوێندکار و هاونیشتمانیانەی لە دەرەوەی عێراق بەهۆی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتان گیریان خواردووە، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “پێش 10 رۆژ لەگەڵ بەغدا هاوئاهەنگیمان کردووە لەو وڵاتانەی کە هاووڵاتی عێراقی لێبێت بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە، پاڵپشت بن لە گەڕانەوەیان، لەسەر ئەو بنەمایەش ژمارەیەک کەس کە لە هیندستان بوون گەڕانەوە، بەڵام ماوەی 3 بۆ 4 رۆژ دەبێت بەغدا ئەو بڕیارەی راگرتووە.

سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی بڕیارەکەش، سەفین دزەیی گوتی: “دەیانەوێ کەرەنتین دابنێن و ئەوکاتە دەست بە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی عێراقی بکەن کە لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەرمەنستان، ئەوروپا، ئوردن و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە گیریانخواردووە”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: “بۆ ئەو مەبەستە میکانزمێک دانراوە بە رێگای نوێنەرایەتییەکان و باڵیۆزخانەکانی عێراق لەو وڵاتانە، هاونیشتمانیان و هاووڵاتیانی عێراقی خۆیان ناونووس دەکەن، هەر کاتێک گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق دەستپێبکاتەوە دەتوانن بگەڕێنەوە”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: “ئێمە لەنێو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یەکەیەکمان داناوە، چەند کەسێک سەرپەرشتی ئەو کەیسە دەکەن و بە بەردەوامی لەگەڵیان لە پەیوەندیداین و ناوی یەکە یەکەشمان لەلایە، بە تایبەت ئەوانەی خۆیان پەیوەندیان بە ئێمەوە خۆیان ناونووس کردووە، رەنگە خەڵکی دیکەش هەبێت، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا خۆیان ناونووس کردووە 187 کەسن”.

لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رایگەیاند: “لەسەر شانی ئێمەیە بڕی 3 هەزار دۆلار بۆ هەر تاکێکی عێراقی بنێرێن کە لە دەرەوەی وڵات گیری خواردووە”، دەشڵێت: “ئەو بڕە پارەیە لە رێگەی باڵیۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوە دەگەیێنین بە هاووڵاتییەکانمان”.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، “باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی عێراق لە دەرەوە ماڵی عێراقییەکانە، هاوکات باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی عێراق لەسەریانە بۆ ئەوەی سەبەتەی خۆراکی بگەیێنن بە سەتان لەو هاووڵاتییە عێراقیانەی کە نیشتەجێی ئەو وڵاتانەن یانیش گیریان خواردووە”.

220 قوتابی عێراقی لە ئەرمینیا دەخوێنن بەڵام بۆ گەڕانەوە 190 کەسیان ناوی خۆیان نووسیوە، لە 23-3-2020 داواکارییان داوەتە باڵیۆزخانەی عێراق ئەوانیش بەڵێنان داوە داواکارییەکە بگەیێننە وەزارەتی دەرەوەی عێراق.
به‌شی بكه‌ لە