عیراقى و جیهانى

پەرلەمانتارێكی پارتی: بەرپرسیارەتی شێوانی دۆخی عێراق دەكەوێتە ئەستۆی شیعە

ململانێی شیعە بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بەردەوامە، ئەوان كوشار لە كورد و سوننە دەكەن بۆ پاڵپشتیكردن و نەكردن لە عەدنان زورفی راسپێردراو یان مستەفا كازمی ركابەری، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دووپاتی دەكاتەوە كە رێكنەكەوتنی شیعە، عێراق بەرەو نادیار دەبات و تەواوی بەرپرسیارەتی شێوانی دۆخەكە دەگرنە ئەستۆ.

ئیخڵاس دلێمی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، تا ئەو ساتەیش پرسی راسپاردنی سەرۆك وەزیران لە ناو ماڵی شیعەدا گیری خواردووە، لە نێوان لایەنەكان و چەند كەسایەتییەكی كاندید بۆ پۆستەكە، وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكان، ئەو كەسەیان بۆ ئێمە نەخستووەتە روو كە رێككەوتنیان لەسەر كردووە، بۆیە تا ئەو ساتەیش حزبە شیعەكان پەرتەوازەن و كەسیان بۆ دیاری نەكراوە، بەڵام پێم وایە بەمنزیكانە خۆیان یەكلا دەكەنەوە و ئەو كەسە بۆ فراكسیۆنە كرودستانییەكان دەخەنە روو.

دلێمی زیاتر گوتی، ئەو پێوەر و مەرجانەی پارتی هەیەتی، ئەو كەسە لەلایەن شەقامی عێراقی قبووڵكراو بێت و كەسێكی پاك و ناوبانگێگی باشی هەبێت و زۆرینەی شیعە پاڵپشتی بكەن، تا ئەو ساتە هەرێمی كوردستان لەبارەی پۆست و وەزارەتەكانی لە كابینەی نوێ داوایان دەكات، نەچووەتە ناو گفتوگۆ و هەر زانیارییەك لەو بارەوە بڵاو دەكرێتەوە راست نییە، بەگشتی پێوەر و مەرجمان هەیە و ئەگەر لەسەر ئەو وەزیرانەی ئێستە جێبەجێ كرا، ئەوە دەمێننەوە و ئەگەر نا كەسایەتی ترمان هەیە بۆ پۆستەكان.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، ئەگەر ئەو حكوومەتە پێكهات و عەدنان زورفی، پاڵپشتی زۆرینەی شیعە و كورد و سوننەی بەدەست هێنا، حكوومەتێكی بەهێز دەبێت، بەڵام بێ كۆدەنگی حكوومەتێكی لاواز دەبێت، پێم وایە ئەوجارەیان رێككەوتن دەبێت، بەتایبەتی كە پرسی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت دەخەینە ئەستۆی هێزە شیعەكان و ئێستە بە تەنگژەیەكی سەخت تێپەڕ دەبین، بۆیە ناچارن سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز پێشكەیش بكەن.

دلێمی ئاماژەی كرد، ئەگەر هێزە شیعەكان نەگەیشتن بە رێككەوتن، ئەوان بەرپرسیارەتی ئەو شێوان و تەنگژانە دەگرنە ئەستۆ كە لە عێراق هەیە، وڵات روو لە نادیار دەكات و ئەوكاتیش هێز و سیاسەتوانانی شیعە ئەنجامی هەڵەكانیان دەگرنە ئەستۆ.