وتار

وەڵامێك بۆ رێبوار کەریم وەلی بە شێوازی خۆی

 رێبوار نووسەرە یان پێنووسەر

ئەو ڕاستییەی، بە شایەدی دۆستەکانی خۆی، لە سەر رێبوار کەریم وەلی سەلمێنراوە ئەوەیە، کە خۆی خاوەنی هیچ بیر و باوەڕێک نیە، بەو هۆیەشەوە کەوتۆتە داوی کەسانێکی دیکە و پێی دەنووسرێت، بەڵام بێگومان بە پاداشتێکی باش. ناوبراو دوای ئەوەی کە مامەڵەی وەرگرتنی لە سوێد سەری نەگرت، ئێستا بە پارەی پاداشتەکانی، ڤیلایەکی لە یونان کڕیوە و بە هۆی کڕینی خانووبەرەی گرانبەها مامەڵەی وەرگرتنی نیشتەجێبوونی ئەوروپا دەکات. ناوە ناوە لەوێوەشەوە شت دەنووسێت تاکو ئەو پارانەی وەک پاداشت وەری دەگرێت، حەڵال بکات.  

خەمی پارتی و یەکێتیتە یان پەکەکە؟

ئەو پێشمەرگانەی چوونەتە زینی وەرتێ، لیوایەکی یەکگرتوو و هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگەن، نەک پێشمەرگەی حیزبی. ئامانج لێی پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە لەوێ هەبووە. بێگومان پەکەکە کە هیچ دان بە حکومەتی هەرێمدا نانێت و لەو سنوورانە ئیدارەی بەدیلی دروست کردووە بەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم پەست بووە. سنووری جوگرافیی هەرێمی کوردستان، سنووری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە و پێشمەرگەش پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمن. بۆیە نیگەرانییەکانی پەکەکە و ئەوانەی پاڵپشتییان دەکەن نابەجێیە و ئەوان هێزی چەکداری دەرەوەی یاسان و تەنیا پێشمەرگە هیزی شەرعی و دەستوورییە لەو سنوورە.

ئەوەی لە کورستاندا هەیە و بنەمایەکی هەیە تەنیا ئەمنیەتە

رێبوار ناوە ناوە توانج لە حکومەت دەگرێت و بە حکومەت و کابینەی ئەمنی ناوی دەبات. لەم وڵاتەدا ساڵانێکە چی کراوە؟ بە ملیارەها دۆلار بە فیڕۆ دراوە، هیچ ژێرخانێک بۆ ئەم وڵاتە دانەنرا. سیستەمی تەندروستی و پەروەردە و رێگەوبان و خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و ئیتر هەرچی دەبینیت وێرانە، ئەوەی هەیە و هەرێمی کوردستان ساڵانێکە شانازیی پێدەکات ئەمنیەت و ئاسایشە، کە ئەندازیارەکەی سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەم بووە. ئێستا کە ئەم ئەندازیارە دەخوازێت بوارەکانی دیکەی ژیانیش رێک بخاتەوە، بەرژەوەندیی دەیان کەسی گەندەڵ دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیەشە رێبوارەکان ڕادەسپێرن بۆ هێرش بۆ سەر ئەم کابینەیە.

سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم، کێ دەتۆرێنێت؟

لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، زۆر کەس گرەویان لە سەر شکستی ئەم کابینەیە کردووە. هۆکارەکەش ئەو هەموو کێشە و ناکارامەییانەی کابینەکانی پێشتر بووە و بە جۆرێک بە دەیان کێشەی گەورەی دارایی و ئابووری و قەرزی زۆر بەرۆکی ئەم کابینەیەی گرتووە. لە ساڵانی رابردوودا لە پەراوێزی ئەو هەموو کەمتەرخەمییانە زۆرێک لە مافیای گەندەڵی،لە ناوچەی جیاجیادا پێگەیان داکوتاوە. ئێستا کە بە کردەوە بەرنامەی چاکسازی دەگیرێتە بەر و بە نیازن حوکمڕانی بکرێت، بێگومان ئەم مافیایانە دەشڵەژێن. نیازی خراپی رێبوار کاتێ بەدیار دەکەوێت کە دەیەوێت ئاستی حکومەت بۆ ئاستی ئەو گرووپە مافیایانە دابەزێنێت کە بەرگرییان لێ دەکات، لە کاتێکدا کە لە مێژووی حکومەتی هەرێمدا ئەم کابینەیە رێکترین و پاکترین کابینە بووە، بەڵام دیارە ئامانجی رێبوار تەنیا مەراییکردنە بۆ ئەو گروپانەی کە پێشتر بەڵێنی پاداشتیان پێداوە، بە مەرجی ئاژاوە نانەوە. مافیا و گەندەڵەکان خەون بە سەرنەکەوتنی ئەم کابینەیەوە دەبینن. لە سەرهەڵدانی قەیرانی پەتای کۆرۆناش زۆر کەس لەمانە پێشبینیی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام کە لە ئاستی ناوچەکە و جیهانیشدا دان بە کارامەیی حکومەت نرا، رێبوارەکان و گەندەڵەکانی پشتیان دەستیان بە چەواشەکاری کرد و ویستیان ئەم سەرکەوتنە بە بێ بەها پێشان بدەن. بەڵام بێگومان ڕاستییەکە گەورەترە لەوەی بەمانە بشاردرێتەوە.