هەواڵى ناوخۆ

بۆ میدیای لاهوور : لێتان تێدەگەین دۆخەکەتان ناسکە

هەرچەندە خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لە هەوڵەکانیان بۆ داپۆشینی تاوانی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد بە ئێران و دواتر لەسێدارەدانی بەردەوامن، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبێتە جێگەی گاڵتەجارێ و بەکارهێنەران وەک توانجێک پێیان دەڵێن ”لێتان تێدەگەین، دۆخەکەتان ناسکە“.

میدیا ئاشکرا و سێبەر و نووسەرە دەربارە ئاشکرا و بندیوارەکانی سەر بە لاهوور جەنگی و تەنانەت کەسانی سەر بە لاهوور جەنگی لەنێو هەندێک وردە حزبیش، هەموو ئامرازەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ لادانی سەرنجی رای گشتی لەسەر تاوانی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران کە هەموان وەک ئابڕوچونێکی سیاسی و خیانەتێکی نەتەوەیی تەماشای دەکەن، بە ڕادەیەک کە چاودێران زێدەڕۆییەکی ئاشکرا لە هەوڵەکانیاندا دەبینن.

یەکێک لەم هەوڵانەی ئەنجامدەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی نێو یەکێتی، بڵاوکردنەوەی هەواڵێکە گوایە پارتی گەریلایەکی پەکەکەی بەناوی (هەڤاڵ سەروەر) رادەستی تورکیا کردووەتەوە و وێنەکەشیان داناوە، بەڵام لە کۆمێنتێکدا ئەو هەڤاڵ سەروەرە نووسیویەتی: ”راست نیە، ئەوە منم، رادەستی نەکردم، بەڵکو زۆریش ڕێزیان لێ گرتم“.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەیان کۆمێنتی پڕ لە توانج بەرامبەر بەم هەوڵەی لاهوور جەنگی نووسراوە، یەکێک لەوانە بەناوی جەسیم خانەقینی نووسیویەتی: ”دەترسم دوو رۆژیتر ئەمەش بنووسن!! كاتێك مستەفامان گرت، بە توركی قسەی دەكرد و نەیدەزانی بە كوردی قسە بكات بۆیە نەماندەزانی چ دەڵی، لەبەرئەوە رادەستی ئێرانمان كرد“.

یەکێکی دیکە بەناوی (مستەفا شەقڵاوەیی) بە پێکەنینەوە نووسیەتی: ”چۆن ئامانج بابانیتان تیرۆر کرد، گوتتان خۆکوژییە، بوختانتان بۆی کرد، ئەم داماوەشتان ڕادەست کردەوە، بوختانێکتان بۆ ئەویش کرد“.

یەکێکی دیکە لەو سەدان کۆمێنتەی بۆ میدیا و پەیجەکانی سەر بە لاهوور جەنگی و خیانەتکارانی دیکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر نووسراوە، پێگەیەکە بەناوی (کەرکووک شاری کوردان) کە وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران لە لایەن ئەو گرووپەی یەکێتییەوە، بە هاژتاگێک نووسیویەتی: ”من یەکێتی نیم، خەڵکی باشوورم“.

لە چوارچێوەی ئەم هەوڵەی گرووپەکەدا، چەندان هەواڵیان بڵاوکردووەتەوە و مستەفا سەلیمی کە بەشێک لەسەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ”شەهید مستەفا سەلیمی“ ناوی دەهێنن، بە چەتە و ڕێگر و پیاوخراپ وەسف دەکەن. بۆیە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئاخۆ ئەگەر خۆیان رادەستی ئێرانیان نەکردووەتەوە، بۆچی سووکایەتی بە شەهیدێکی کوردستان دەکەن؟.

هاوکات ژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو میدیایانەی گرووپەکەوە بە شێوەی جۆراوجۆر وەڵامی هەواڵە هەڵبەستراوەکانیان داوەتەوە کە بۆ داپۆشینی تاوانەکە بڵاوی دەکەنەوە و زۆرێکیان نووسیویانە: ”لێتان تێدەگەین، دۆخەکەتان ناسکە“، وەک توانجێک بەرامبەر ئەو شپرزەبوونەی گرووپەکە بەرامبەر بە تاوانی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی.

بەیانیی رۆژی شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٠، خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئاسایشی پێنجوێن، مستەفا سەلیمییان رادەستی ئێران کردووە و لەسێدارە دراوە. لەو کاتەشەوە تائێستا یەک لە دوای یەک حزبەکانی کوردستان جەخت لەسەر رادەستکردنی مستەفا سەلیمی دەکەنەوە و داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد لەمبارەیەوە دەکەن.