هەواڵى ناوخۆ

ئاشكرابوو بۆچی پەکەکە دژی جێگیر کردنی پێشمەرگەی یەکێتی نیشمانیی لە زینی وەرتێ نییە ...

وشیار بن، مەترسی لەبن گوێمانە!

لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، زینی وەرتێ بووەتە جێی هەڕەشە هەڵگیرساندنی شەڕ!

وەرتێ لە کوێیە و بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگایەتی پێ دەدات؟

ئایا زینی وەرتێ گرنگایەتی چیای شەنگالی بۆ پەکەکە و کۆماری ئیسلامی پەیدا کردوە؟

بۆچی پەکەکە دژی جێگیر کردنی پێشمەرگەی یەکێتی نیشمانیی لە زینی وەرتێ نییە و یەکتێتیش بە جێگیر بوونی گریلای پەکەکە لەوێ ناڕازی نیە؟ بەڵام هەردوویان دژی چوونی ھێزی یەکگرتووی وەزارەتی پێشمەرگەن بۆ زینی وەرتێ ؟

بۆ زانیاریی خوێنەران بەڕێز، لایەکی زینی وەرتێ لە دەڤەری راپەڕین و ناوچەی وەرتێ و باڵەکایەتێیە و لاکەی تری لە قەندیل و چیای کارۆخ و ناوچەی رەواندزە و لەوێوە درێژ دەبێتەوە بۆ چیای کۆڕەک کە ئەویش بەستراوەتەوە بە چیای سپیلک لە نێوان خەلیفان و ھەریر و دەروانیەتە دەشتی ھەریر و فڕۆکەخانەی ھەریر کە بنکەی سەربازیی ئەمریکای لێیە!

واتا، زینی وەرتێ خاڵی بەیەکەوە بەستنەوەی ئەو ناوچانەیە کە دەگوترێت: قەندیل و پەکەکە و ناوچەی سەردەشت لە ئێران. بەو هۆیەوە، ئەو ناوچە ستراتیژییە بۆ ئێران گرنگە و ئەگەر ھەژموونی ئێران تێیدا بەھێز بێت، بنکە سەربازییەکەی ئەمەریکا لە ھەریر دەکەوێتە ژێر ھەڕەشەی کۆماری ئیسلامی، هەروەک چۆن سەر چیای شەنگال ئەو تایبەتمەندییەی بۆ ئێران هەبوو، و لەوێووە دەیتوانی هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات کە پێشیان پێگرت و ئەم جارەش، هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە دان.

هەموو لایەکمان دەزانین، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵێکی باشی بەسەر ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنە کردنی پەتای کۆرۆنا لە کوردستاندا هەیە. خاڵی لاوازی حکومەت لەو بارەیەوە قاچاخەڕێی گواستنەوەی ئەو پەتایە بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ باشوری کوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویست بوو هێزێکی هاوبەش ڕەوانەی زینی وەرتێ بکات و ڕێگە نەدات کەسانێکی نامەسئول و قاچاخچی بەهێنان و بردنی خەڵک بەو سنوورەدا پەتای کۆڕۆنا بگوازنەوە و کێشە بۆ دانیشتوانی کوردستان ساز بکەن.

وەزارەتی پێشمەرگە هێزێکی یەکگرتوو و هاوبەشی بۆ زینی وەرتێ رەوانە کرد، بەڵام بەداخەوە تاقمێکی دیاریکراو بە مەبەست لە بەرامبەر ئەو هێزەی حکومەتدا ڕاوەستان و ڕژێمی ئێران لەرێی لاھور جەنگییەوە ھێزێکی نارد بۆ دەستی راستی ئەو ھێزەی وەزارەتی پێشمەرگە لە زینی وەرتێ و ھێزێکی پەکەکەشی لە قەندیلەوە ھێناوە بۆ دەستی چەپی ئەو ھێزەی وەزارەتی پێشمەرگە،

لێرەدا ڕوونە کە بۆچی یەکێتی و پەکەکە بە هاوبەشی دژی هێزی حکومەتی کوردستانن و ھەڕەشە لێ دەکەن کە هێزەکەی بکشێتەوە و حکومەتیش کە خۆی بە حکومەتی یاسایی هەموو لایەنەکانی کوردستان دەزانێ، رەتی داخوازی یەکێتی و پەکەکە دەکات و دەڵێت: (یاخی بوون قەبووڵ ناکەین و هیچ حیزب و ڕێکخراوێک ناتوانێ لە دەرەوەی یاسا لە ناوچەکاندا حوکمرانیی خۆی دابمەزرێنێت.)

رۆژی ۱٦/٤/۲٠۲٠، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی لە دەباشان کۆبووەوە و دواتر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا ڕایگەیاند: (زینی وەرتێ ئارامە و بردنی هێزێکی لیوای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ شوێنێکی ئارامی وەک زینی وەرتێ بەبیانووی کۆنترۆڵکردنی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا قەبووڵ ناکرێت.) و لە بەشێکی تردا داوا لە حکومەت دەکات: (بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان، بەپەلە فەرمانی کشاندنەوەی گشت هێزەکان بدات و ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.)

لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکیدا، ڕۆژی ۱۷/٤/۲٠۲٠ ڕایگەیاند: (جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ هێزێکی حیزبیی دیکە لە زینی وەرتێ جێگیر نەکراوە.) لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت:

ـ (هاووڵاتیانی خۆشەویست: من بە پشت بەستن بە خوا و ئێوەی دڵسۆزی نیشتمان، ئەم ئەرکە قورسەم قەبووڵ کردوە و ئێستاش بە پشت بەستن بە خوا و ئێوە، لە چەسپاندنی یاسا و خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان، بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبین.)

سەرنج بدەن، بەو تێبیینیە کە کۆماری ئیسلامیی بە ئاسانی دەست لە کارە تێکدەرەکانی لە باشوری کوردستان هەڵناگرێت، ئەگەر چەکە کۆمەڵکوژەکانی لە زینی وەرتێ دانێ، چۆن مەترسییەکی بۆ باشوری کوردستان دەبێت؟

لەبەر ئەوە، ئەرکی نیشتمانپەروەرانی کوردە بە گوشار هێنان بۆسەر یەکێتی و پەکەکە و گوشاری نێودەوڵەتیی بۆسەر کۆماری ئیسلامیی، ناچاریان بکەن ڕێزلە بەرژەوەندیی کورد و سەروەریی خاکی کوردستان و دەسەڵاتی یاسایی حکومەتی کوردستان بگرن!

حامید گەهەری