هەمەڕەنگ

جۆ بایدن: ئەگەر بوومە سەرۆکی ئەمریکا دان بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکاندا دەنێم

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە، رایدەگەیەنێت، ئەگەر ببێتە سەرۆک، دان بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەسەر دەستی خەلافەتی عوسمانی (تورکیای ئێستا)دا دەنێت.

ماڵپەڕی (The Hill)ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، کە جۆ بایدن، کاندیدێکی دیموکراتەکان رایگەیاندووە، تا ئێستا ئەمریکا بەشێوەیەکی تەواو دانی بە کۆمەڵکوژییەکە نەناوە و یادی نەکردووەتەوە.

جۆ بایدن بەڵێنی داوە ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا سەربکەوێ، ئەوا پاڵپشتیی بڕیاری داننان بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان دەکات و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان، دەکاتە کاری لەپێشینەی خۆی.

دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، خەلافەتی عوسمانی (تورکیای ئێستا) لە ساڵی 1915، نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتیی ئەرمەنی کوشت و تورکیاش بە توندی رەتی دەکاتەوە.

بڕیارە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە بچێت.