هەواڵ

شانده‌كه‌ی‌ هه‌رێم به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێ‌ كه‌وت

شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی ئێوارەی ئەمڕۆ بەرەو بەغدا بەڕێكەوتنه‌وه‌، به‌ئامانجی تەواوكردنی وتوێژەكانی پێشووی تایبەت بە موچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان. 

سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی ئه‌لعێراقییه‌ی ڕاگەیاندووە "شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بەرەو بەغدا بەڕیدەكەوێت". 

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ "ئامانج لەم سەردانەش تەواوكردنی وتوێژەكانی هەفتەی ڕابردووە سەبارەت بە دۆسێكانی نەوت و بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عیراق". 

وته‌بێژه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ "لە كۆبوونەوەكاندا گفتووگۆ لەبارەی پێشنیارەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەكرێت و پێشنیارەكانیش لە بەرژەوەندی عیراق و هەرێمی كوردستانن". 

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر هەمان شاندی هەرێم سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆیان كرد، به‌ڵام به‌ ئامانج و رێكه‌وتن نه‌گه‌یشتن.