هەواڵ

شوان زراری: ئەگەر سۆران عومەر "بەڵگەی سەلمێنەری" پێیە بۆچی کەوتۆتە پەلەقاژه

شوان زراری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر داوای دادگا بابەتێکی پەیڕەوییە و بەپێی ماددەی 24ی پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و خودی بەرێز سەرۆکی ئێستای پەرلەمان دەستێکی باڵای هەبووە لەنووسینەوەی ئەو پەیڕەوە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی ده‌شڵێت: "سەبارەت بە سۆران عومەر ئەگەر بەڵگەی سەلمێنەری پێیە بۆ پشت ڕاستکردنەوەی لێدوانەکانی بۆچی کەوتۆتە پەلەقاژه".

شوان زراری په‌یامێكیش ئاراسته‌ی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵك ده‌كات و ده‌ڵێت: "فراکسیۆنی کۆمەڵ دەبوایە وەکو بابەتێکی سیاسی لەکوردستان کە ئێمه ڕێزمان لە وجودیان گرتووە له گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، بەڵام پێویست بوو زووتر هەستیان کردبا کە سۆران عومەر بۆتە داردەستی ویست و خواستی كه‌سانی دیكه‌".

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، بۆ ئازادی ڕادەربرین ئێمە پێش هەموو کەس خاوەندرایەتی دەکەین ئەوە خەبات و خوێنی شەهیدانە ئەو ئازادیەی فەراهم کردووە ئاشکرایە کێ لە کوردستان سەرمەشقی خەبات و خوێن بەخشین بۆ لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی بۆ گەلی کورد بەڵام فەراهه‌مکردنی ئازادی بەمانای ئەوە نییە تۆ بێیت و حەسانەی پەرلەمانی بۆ تەشهیر و درۆ بوختان هەواڵی چەواشەکار بەکاربهێنیت و هیچ لێپێچینەوەیەك نەبێت.

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، ئەگەر سۆران عومه‌ر بەڵگەی دروست و سەلمێنەری پێبوو ئەوە پێویست بە ترس ناکات ئەگەر بە فیتی کەسانێکی تر هاتووە "درۆ و بوختان هەڵدەبەستێت" ئەوە پێویست دەکات بۆ خەڵک وکۆمەڵیش ڕونبکرێتەوە کە ناکرێت تۆ بە دەنگی لایەنێکی سیاسی بچیتە پەرلەمان ببیتە دار دەستی کەسانێك کە لەو دیوی دیوارەکان کەسانی سۆران ئاسا ئاراستە بکەن.