هەواڵ

به‌رپرسێكی باڵای پارتی بۆ یه‌كێتیی هه‌رئێوه‌بوون ده‌تان وت سۆران عومه‌ر تیرۆرسته‌

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە هەر سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون کە دەیانگوت ”سۆران عومەر لە خێڵی حەمە و کوشتنی سەرکردەکانیان و شوێنبزرکردنی ڕۆژنامەنووس محەمەد حەسەن تاوانبارە“.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی لە نووسینێکیدا کە بە ناوی (سۆران عومەر و قەڵغانی پەرلەمان) لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”سەیرم پێدێت کە دەبینرێت زۆربەی سەرکردایەتیی یەکێتی کە بە خەیاڵ لە ئایدۆلۆژیا و رەفتاردا ناکۆکن لەگەڵیدا، دەیانگوت سۆران عومەر تاوانبارە بە کوشتاری خێڵی حەمە و کوشتنی سەرکردەکانیان و شوێنبزرکردنی رۆژنامەنووس محەمەد حەسەن“.

باسیشی لەوە کردووە کە هاتنە سەر هێڵی تاقمێکی یەکێتی بۆ ئەوەی لە کەیسەکەی سۆران عومەردا دادگا ڕۆڵی خۆی نەبینێت، جێگەی سەرسوڕمانە و ”وا دیارە دەیانەوێت پرۆسەی بەشینەوەی درۆ و بێڕێزی بەردەوامی ھەبێت“.

عەلی عەونی نایشارێتەوە کە ”لەوە سەیرتر، کەمپینبازە هەمیشەییەکان نایەنە سەر هێڵ و کۆڕەکەی بۆ گەرم ناکەن و نوێژی بەکۆمەڵی سەر کارتۆنی بیرەی بۆ نابەستن، مەبەستم لیستە هەمیشە ئامادەکەی (رێبێن، ئاسۆس، ئاراس،مەریوان، مەسعود،سەردار و...هتد)یە، هەر نەبێت بەیانێک دەربکەن“.

عەلی عەونی جەختی کردووەتەوە: ”نازانم کوێی ئەمە خراپە، ئەگەر بە رێگای شارستانی و یاسایی داوای مافی خۆت بکەیت؟ نە ئەو بێڕێزییە بە سەرۆکی حکوومەت بکە و نە باز بدە دەستی کاک مەلا بەختیار و ئەوانی دیکە ماچ بکە و لێیان بپاڕێوە بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی لێت خۆش ببێت وەک جاری رابردوو“.