هەواڵى ناوخۆ

كازمی یه‌كه‌م بڕیاری له‌باره‌ی موچه‌وه‌ ده‌ركرد

جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان رایده‌گه‌یه‌نێت، مه‌ستەفا كازمی بڕیاریداوه‌ موچەی دواكەوتووی خانەنشینان دابه‌شبكرێت و ده‌شڵێت: رێكه‌وتوون پێش موچەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، گرەنتیكردنی پێدانی موچەی خانەنشینان و تۆڕی خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان كاری لەپێشینە بێت.
 
نوسینگەی راگەیاندنی حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی 8ی ئادار، له‌راگه‌یه‌نراوێكدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، كەعبی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێكەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوه‌و لەسەر پیدانی موچەی دواكه‌وتووی خانەنشینان رێكه‌وتوون. 
 
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ كازمی بڕیاریداوه‌ سبەی شەممە 9ی ئادار، مووچەی ته‌واوی خانەنشینانی عێراق دابه‌شبكرێت. 
 
هه‌ر له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌ "بەپێی رێككەوتنەكەی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران سەرجەم مانگەكانی داهاتوو پێش مووچەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، گرەنتیكردنی پێدانی مووچەی خانەنشینان و تۆڕی خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان كاری لەپێشینەده‌بێت". 
 
هۆشداریش دراوه‌ له‌وه‌ی كه‌، موچەی خانەنشینان و ناوەندەكانی تایبەت بە خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی و چین و توێژە لاوازەكان هێڵی سورە و ناكرێت لە هەر دۆخێك و بە هەر بیانویەك بێت دەستیان بۆ ببرێت و بڕیارەكانی پەیوەست بە بڕین و كەمكردنەوەی موچە نایانگرێته‌وه‌. 
 
ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ په‌رله‌مانی عێراق به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ متمانه‌ی به‌ كابینه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی به‌خشی.