هەواڵى ناوخۆ

په‌رله‌مانتارێكی پارتی: فوئاد حوسێن تاكه‌ كاندیدی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌

ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئاشكرای كرد، كه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ حكوومه‌تی نوێ وه‌زاره‌تی دارایی درایه‌وه‌ به‌ شیعه‌كان، پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ بۆ كورد ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌یش پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و كاندیدی ئێمه‌یش بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ فوئاد حوسێنه‌.

به‌شار كیكی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز"ی ڕاگه‌یاند، پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئێسته‌ ته‌نیا یه‌ك كاندیدی بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش فوئاد حوسێنه‌ و هیچ كاندیدێكی ترمان نییه‌.

زیاتر گوتی، مسته‌فا كازمی له‌ داهاتوویه‌كی نزیك فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ كاندید ده‌كات و كاندیدی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی تریش پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ محه‌مه‌د ئه‌مین فارس ئه‌ندامێكی تری پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای كرد، ئه‌و حه‌وت وه‌زاره‌ته‌ی كه‌ ماون متمانه‌ به‌ كاندیده‌كانیان بدرێت، پێشبینی ده‌كرێ به‌ر له‌ جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكرێن و سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌تی نوێی بۆ جه‌ژن ده‌سبه‌كار بن.

شه‌وی چوارشه‌م له‌سه‌ر پێنجشه‌می ڕابردوو په‌رله‌مانی عێراق دانیشتنی متمانه‌دان به‌ كابینه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراقی ساز كرد، له‌ دانیشتنه‌كه‌ متمانه‌ به‌ 15 وه‌زیری حكوومه‌ت له‌ كۆی 22 وه‌زیر درا و پێنجی تریش كاندیده‌كانیان ڕه‌تكرایه‌وه‌ و كاندیدی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و نه‌وتیش له‌لایه‌ن كازمییه‌وه‌ پێشكه‌ش نه‌كرا و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كاندیدی ئه‌و حه‌وت وه‌زاره‌ته‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیك پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكات.