هەواڵ

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان وەڵامی سۆران عومەری دایەوە

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان وەڵامی سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵ و چەند لایەنێكی دایەوە كە لێدوانیان لە دژی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان داوە و رایدەگەیەنێ پێكهاتەكان ئازادن لەگەڵ چ لایەنێكی سیاسی دەبنە هاوپەیمانی.

مونا قه‌هوه‌چى سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ (باسنیوز)ى راگه‌یاند هه‌ندێك لایه‌ن و په‌رله‌مانتار به ‌مه‌به‌ست لێدوان و قسه‌ی بێ بنه‌ما و بازاڕی له‌سه‌ر پێكهاته‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێ فه‌شه‌لی سیاسی و هه‌ڵه‌كانیان به‌و هه‌وڵه‌ بچووك و له‌رزۆكانه‌ بشارنه‌وه‌ و رای گشتی به‌لارێدا به‌رن.

قەهوەچی گوتی به‌شداری پێكهاته‌كان له ‌دانیشتنی دوێنێی په‌رله‌مان، بۆ جێبه‌جێكردنی په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌ كه‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان ده‌نگیان پێداوه‌، بۆ به‌رقه‌راربوونی سه‌روه‌ری یاسا بووه‌، بۆیه‌ بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌هاتووه‌ سیاسه‌تی پێكهاته‌كان دیاری بكات و باس له‌ ماف و به‌رژه‌وه‌ندی پێكهاته‌كان بكات، پێكهاته‌كانی كوردستان، پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نی ئه‌م نیشتیمانه‌ن و له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ هاوشانی گه‌لی كورد پێكه‌وه‌ ژیان و به‌شداری خۆشی و ناخۆشیه‌كانی كوردستانیان كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كورسی كۆتای پێكهاته‌كانیش رایگه‌یاند كە مافێكه‌ به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كراوه‌ بۆ پێكهاته‌كان، نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و پێكهاته‌كان بێت درێغی لێ ناكه‌ن، له‌ داهاتووشدا هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ سیاسه‌تی خۆیان، باسكردنی رێژه‌ و ژماره‌ی ده‌نگده‌ران و به‌راوردكردنی به‌ژماره‌ی ده‌نگده‌ری ئه‌ندامی لایه‌نێكی سیاسی تر، به‌ ته‌واوی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و كارێكه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا به‌ركاره‌كان له ‌هه‌رێمی كوردستان و كه‌م به‌هاكردنی كورسی و ده‌نگده‌ری پێكهاته‌كانه‌.

مونا قەهوەچی دەشڵێ "پێكهاته‌كانی كوردستان مافی خۆیانه‌ هاوپه‌یمانی هه‌ر حزب و لایه‌نێكی سیاسی بكه‌ن له‌پێناو پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانیان، بۆ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ش كه‌ بۆ داپۆشین و به‌لارێدابردنی شكسته‌كانیان هێرشی ناره‌وا و دوور له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی ئه‌خڵاقی سیاسی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان، باشتره‌ خه‌ریكی چاكردنی هه‌ڵه‌ی سیاسی و كێشه‌كانی خۆیان بن".

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان به‌رده‌وام ده‌بن، سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانیان به‌م شێوه‌ی كه‌ خۆیان وه‌ك پێكهاته‌كان پێیان باشه‌، درێژه‌ پێده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی بێت، ده‌یكه‌ن.