وتار

ماڵی تاڵەبانی دەیانەوێ بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی بگەڕێنەوە

بەهۆی پاشەکشەی یەکێتی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی کە بە هۆیەوە زیانی زۆریان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرکەوتووە ئاراستەیەک لە ناو ماڵی تاڵەبانی سەرهەڵدەدات کە لەمپەرێک لەبەردەم جوڵە ناعەقلانیە سیاسییەکانی لاھوور جەنگی دابنێن و بۆ لەمەودوا خۆیان وەکو قوباد تاڵەبانی لە واجیھە و باڤڵ تاڵەبانی لە سێبەر بڕیاردەری یەکێتی بن.

کێشە ناوخۆییەکانی ماڵباتی تاڵەباتی، بەتایبەتی دوای گەیشتنی لاهور جەنگی بە پۆستی هاوسەرۆکی یەکێتی زیاتر بوون، بەڵام ماڵی مام جەلال بەپێی زانیاریەکانی (باسنیوز) بڕیاریان داوە بۆ لەمەودوا ئەو بەڕە لە ژێر پێی لاهور جەنگی دەربهێنن و بۆ جارێکی دیکە بۆ پەیوەندیە ستراتیژیەکانیان لەگەڵ پارتی بگەڕێنەوە، کە پێیانوایە بەو هۆیەوە زیانی زۆیان لە هەولێر و بەغداش بەرکەوتووە.

لەمبارەوە تەنیا کوردی چاودێری سیاسی بۆ (باسنیوز) ئاماژەی بەوە دا یەکێتی بە دوورکەوتنەوەی لە ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی دووچاری شکستی گەورە هاتووە، گوتی "لە پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەهۆی ململانێ ناوخۆیەکانی ناو ماڵباتی تاڵەبانی و ئەو کێشانەی لاهور جەنگی بۆ سەپاندنی هێزی خۆی بەسەر ماڵی تاڵەبانی دروستیکردون، رووبەڕووی شکستی گەورە بووەوە و لەو عێراقەی کە لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی هەوڵی گەڕانەوەی سلێمانی هاوشێوەی کەرکووکی بۆ دەدا لە پەنای لامەرکەزیەتەوە، بەڵام تەنیا نەیانتوانی کاندیدی یەکێتی کە خالید شوانی بوو بۆ پۆستی وەزیری داد بخەنە دەنگدانەوە، کاندیدەکەی (بەرهەم ساڵح)ش دەنگی پێویستی نەهێنا، ئەو شکستە وایکردوە کوڕەکانی مام جەلال هەوڵی دوورخستنەوەی لاهور جەنگی لە بڕیارە ستراتیژەکان بدەن و ئاراستەی یەکێتی بەرەو هەولێر و رێکەوتنی ستراتیژی بگەڕێنەوە".

ئەگەرچی وابڕیار بوو سبەی شەممە، ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکیتی کۆ ببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەپێی زانیاریەکانی (باسنیوز) بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، ئەو چاودێرە سیاسییە لەمبارەوە ئاماژەی بەوە دا ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە بکرایە دەسپێکێکی باش دەبوو لە گەڕانەوەی یەکێتی بۆ هەولێر، بەتایبەتی لە پرسی لامەرکەزیەت، کە ئەوە لەچوارچێوەی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش قبوڵکراوە، بەو مەرجەی کە ئەم پرسە نەبێتە هۆی لێکەوتەی سیاسی و لەسەر ئەو بنەمایە نەبێ کە بەشێوەی جوگرافی و بخرێتە سەر سکەی گەمەی ئیقلیمیەوە.


ئەو چاودێرە سیاسییە، هاوکات ئاشکراشی کرد، لە کۆبوونەوەی رابردووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کە لاھور جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی سەرپەرشتی کردوە، قوباد تاڵەبانی ئاراستەی کۆبوونەوەکەی گۆڕیوە بەوەی کە دەسەڵاتی خۆی وەکو کەسی یەکەمی شەرعی یەکێتی لە حکوومەت، ھەروەھا بە تەخویلی دەسەڵاتی باڤڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی، دواجاریش وەکو کوڕی مام جەلال، کە ئیدی دەبێ یەکیتی بگەڕێتەوە سەر رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی، چونکە بەوهۆیەوە زیانی گەورە بەر یەکێتی کەوتووە و لە بەغدا و هەولێر خەریکە قورسایی خۆی لەدەست دەدات و هێزی دیکە شوێنی یەکێتی دەگرنەوە.

گوتیشی "بێدەنگی باڤڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی بەبێ دیراسە نییە، بەشێک لە دەسەڵاتەکان لاھوور جەنگی و بەشەکەی تریشی بۆ قوباد تاڵەبانی ھاتوون، بەڵام ئەوەی سەرنج دەدرێ لەم دوایەدا قوباد تاڵەبانی بە متمانەی خۆیی و پافڵ تاڵەبانی کەوتووەتە جووڵە، ئەگەرچی دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە چەندین زاویەدا لەلایەن چەند پەیجێکی نزیک لە لاھوور جەنگی ھێرشکرایە سەر قوباد و نیگەرانی دوای کۆبوونە روون بوون، بەڵام قوباد تاڵەبانی وەڵامی نەداوەتەوە".

ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەش دا دۆخەکە ئێستا بەشێوەیەکە کە سێبەری ماڵی مام جەلال بە قوباد و باڤڵ دەسەڵاتی لاھوریان سنووردارکردوە و بڕیاری ستراتیژیان بۆخۆیان گەڕاندوەتەوە، بەم نزیکانەش ئەوە بەتەواوی دەرکی پێدەکرێت. 

 ته‌نیا كــوردی