هەواڵى ناوخۆ

پێكهاته‌كان: بە شانازییەوە ئێمە هاوپەیمانی پارتیین

پێكهاته‌كانی  كلدان و سریانی له‌ كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نن، به‌ شانازییه‌وه‌ هاوپه‌یمانی حزبێكن كه‌ مێژووی كوردستانی پڕ كردووه‌ له‌ رێز و قبووڵكردنی پێكهاته‌كان له‌ كوردستان.

رۆبینا تیاری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان نوێنەری كلدان و سریانی به‌ رایگه‌یاند، ئه‌ندامانی پێكهاته‌ی كلدانی و سریان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، رێز له‌ پێڕه‌وی ناوخۆ ده‌گرن.

روونی كرده‌وه‌، پێكهاته‌كان ئازادن له‌وه‌ی هاوپه‌یمانی خۆیان له‌ كاری سیاسی له‌گه‌ڵ كێ ده‌به‌ستن، سه‌یره‌ له‌ به‌رزترین ئاستدا قسه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان دیاربن له‌گه‌ڵ كێ هاوپه‌یمانن.

له‌ حه‌وتی ئایار په‌رله‌مانی كوردستان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ، له‌ دانیشتنی ژماره‌ چواری ئاسایی خۆی، پارێزبه‌ندیی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر هه‌ڵگرت. دوای ئه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی سلێمانی پێكهاته‌كانیان تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی ئه‌جێندای پارتییان جێبه‌جێ كردووه‌.

تیاری ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، سه‌یره‌ به‌ ئازادانه‌ كار بكه‌ی، بوختانت بۆ بكه‌ن، به‌شانازییه‌وه‌ ئێمه‌ هاوپه‌یمانی حزبێكین مێژووی كوردستانی پڕ كردووه‌ له‌ قبووڵكردن و رێزگرتن له‌ پێكهاته‌كان.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێكهاته‌كان گوتی، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌نگمان به‌ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندییه‌كه‌ نه‌دایه‌، ئه‌وا پێكهاته‌كان حزبی سه‌ربه‌خۆ بوون.

"له‌ سنووری جیۆگرافیای خۆمان و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای پێكهاته‌كان، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ خۆمان ده‌مانه‌وێت. كاتێك له‌ خولی پێشوو ئه‌و حزبانه‌ پێكه‌وه‌ بوون، ئێمه‌ گله‌ییمان نه‌ده‌كرد، ئێسته‌ش واز له‌و قسه‌ و تۆمه‌تانه‌ بێنن باشتره‌ ". تیاری وای گوت.