هەواڵى ناوخۆ

بەرپرسێکی پارتی: دەرکەوت سۆران عومەر پەرلەمانتاری یەکێتییە نەک کۆمەڵ

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، لە بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەدا دەرکەوت سۆران عومەر پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە نەک کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان.

ڕۆژی ٧ی ئایاری ٢٠٢٠، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجام دا و بە زۆرینەی دەنگ پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەری پەرلەمانتاری کۆمەڵ هەڵگرت، لە کاتێکدا پێشتر تاقمەکەی لاهوور جەنگی لەنێو یەکێتی لەگەڵ دارودەستەکەیان هەوڵێکی زۆریان بۆ ڕێگەگرتن لەم هەوڵە دا.

لە بەرامبەردا دكتۆر محه‌مه‌د خورشید، به‌رپرسى لقى کەرکووکی پارتى دیموكراتى كوردستان ڕایگه‌یاند، سۆران عومه‌ر  ئه‌و تۆمه‌ته‌ ناڕه‌وایانه‌ى كه‌ به‌رامبه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى حكوومه‌ت هەڵیبەستووە، دەزانێت بچێتە بەردەم دادگا وەک جاری پێشوو دەدۆڕێت، بۆیە لە سلێمانییەوە قسە دەکات و نووسراوی نێو پەیج و سایتان وەک بەڵگە دێنێتەوە.

ڕوونیشی کردەوە کە بوونی پارێزبەندی بەو مانایە نایەت پەرلەمانتار بە ئارەزووی خۆی پێشێلکاری بەرامبەر بە خەڵک بکات و هەر تاوانێک بیەوێت ئەنجامی بدات، بەڵکوو ”ده‌بێ پەرلەمانتار له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر ملكه‌چی یاسا و دادگا بێت“.

ئەو بەرپرسەی پارتی نایشارێتەوە کە ئێستا كۆمه‌ڵى ئیسلامی بۆیان ده‌ركه‌وتووە سۆران عومەر پەرلەمانتاری ئەوان نییە و پەرلەمانتاری یەکێتییە. گوتیشی: ”سۆران کەسێکی گەورە نییە، ئەوانەی گرەویان لەسەر تۆمەتەکانیشی کردووە، چاک دەزانن چارەنووسی گرەوەکەیان چییە؟“.

جەختیشی کردەوە کە ئەو تاقمەی لە پشت سۆران عومەرەوەن، بەهۆی ئەوەی بابەتی هاوبەش و ئاڵۆزی زۆریان لەنێواندایە، هەوڵدەدەن لە خولەکانی داهاتووشدا سۆران عومەر پەرلەمانتار بێت و پارێزبەندی لەسەر بێت، تاوەکوو نەچێتە بەردەم دادگا، چونکە کەیسێکی وەک شوێنبزرکردنی ڕۆژنامەنووس محەمەد حەسەن ئەشکەنەیی لەوەدەچێت نهێنیی زۆری تێدابێت.