وتار

4 ساڵە لە ھەولێرم و پێش ئەوەش كە لە سلێمانی بووم دەمزانی و دەزانم كێ سەرۆكی پارتیە، بەڵام ئەو كاتەی كە لە سلێمانی بووم و بەئێستاشەوە نازانم كێ سەرۆكی یەكێتییە!

خەڵكی سلێمانیم بەڵام وا بۆ 14 ساڵ دەچێت لە ھەولێر نیشتەجێم و مەرحەبا و دۆستایەتیەكم لەگەڵ برایانی پارتی ھەیە، پێش ئەوەی بشھێمە ھەولێر 14 ساڵ لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی ناو یەكێتی بووم. لەناو سەرۆكایەتیی دوو كابینەی حكوومەتی ھەرێمیشدا كارم كردووە كە بریتی بوون لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان – ئیدارەی سلێمانی، دواتر و دوای یەكگرتنەوەش، ئیدارەی ھەولێر، ئینجا لە سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كابینەی پێنج. ھەموو شتێك ناڵێم تەنیا ئەوەندەی لێ دەڵێم كە بەكەڵكی فەرید ئەسەسەرد بێت كە دەڵێت پارتی تووشی ئەو دەردە بووە كە ھەر لە سەرەتاوە یەكێتی تووشی بووە، واتە تەكەتول و باڵ باڵێن، گوایە ئەوان لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ئەو تەكەتول و باڵ باڵێنەیان چارەسەر كردووە! دە ئینجا:

1- 14 ساڵە لە ھەولێرم و پێش ئەوەش كە لە سلێمانی بووم دەمزانی و دەزانم كێ سەرۆكی پارتیە، بەڵام ئەو كاتەی كە لە سلێمانی بووم و بەئێستاشەوە نازانم كێ سەرۆكی یەكێتییە! ھەر ھاوسەرۆكی خۆی لە خۆیدا یەعنی تەكەتول و بێ سەرۆكی! واتە لاشەیەك بە دوو سەرەوە!

2- 14 ساڵە لە ھەولێرم زانیومە و دەزانم كێ پارێزگاری ھەولێر بووە و كێ پارێزگاری ھەولێرە، بەڵام پێشتر كە سلێمانی بووم و بە ئێستاشەوە نازانم كێ پارێزگاری سلێمانیە!

3- ئەو كاتەی كە لە سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان – ئیدارەی سلێمانی كارم دەكرد نەمزانی بەڕاستی كێ سەرۆكی حكوومەتە، چونكە لە دەرەوەی حكوومەتە ڕەسمییەكە حكوومەتێكی بچووككراوە لەناو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دروست كرابوو. حكوومەتە ڕەسمیەكە زانكۆی ئەھلیی دەكردەوە و حكوومەتە بچووككراوەكەی ناو مەكتەبی سیاسی دەیگوت دەبێت ئەو زانكۆیە دابخرێت و دایشی خست! بەڵام كە ھاتمە ھەولێر و لە سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كابینەی پێنج كارم دەكرد، زانیم كێ سەرۆكی حكوومەتە چونكە سەرۆكی حكوومەتەكە پارتی بوو.

4- من خۆم لەسەر ڕێژەی ئەو لەسەتا بیستەی ئەندامانی گۆنگرە كە جەنابی مام جەلال مافی خۆی بوو دایان بنێت، ئەندامی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی بووم كە لە ساڵی 2010 كرا و زۆر باش ئاگاداری وردەكارییەكانیم و زۆر باش دەزانم كە لەو كۆنگرەیەدا سەرانی تەكەتول چۆن جەنابی مام جەلالیان ماندوو دەكرد، تەنانەت سەرخەوێكی دوای نیوەڕوانی ھەبوو نەیان دەھێشت باش ئەو سەرخەوەش بشكێنێت! خۆ ئەگەر باس باسی كۆنگرەی چواریشە واتە دوایین كۆنگرەی یەكێتی، ئەوە ھەر ئەوانەی كە ئێستا خۆیان بە مەغدوور دەزانن كە لە كۆنگرەدا دەرنەچوون یان خۆیان دەڵێن دەرنەچوێنراون، ئەوانە ئێستاش ماون و ھەر ئەوانە خۆیان تەكەتولێكن ئەگەر زیاتر لە تەكەتولێكیش نەبن! ئیتر فەرید ئەسەسەرد باسی كامە چارەسەری تەكەتول لای یەكێتی دەكات؟

5- ئێستا ژمارەی تەكەتولەكان لەناو یەكێتیدا زۆرترە لە پێش كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی و ھەر لەبەر ئەمەشە كە ئێستاش ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتیدا زەحمەتترە لە پێش كۆنگرەی چوارەم. ئەی تەبعەن چونكە ژمارەی تەكەتولەكان زیادیان كردووە و دەبێت سەر بە ھەزار كون و قوژبندا بكەیت ئینجاش متمانە و ئەمانت نییە كە ئایا ئەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ ھەموو كون و قوژبنەكانیشدا بكەیت پێی پابەند دەبن یان نا؟ كەچی ئەوەی بیەوێت لەگەڵ پارتی ڕێك بكەوێت دەزانێت كێ سەرۆكی پارتیە و دەبێت بچێت بۆ لای كێ، ئەگەر بیەوێت لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ڕێك بكەوێت، دەزانێت كێ سەرۆكی ھەرێمی كوردستانە و دەبێ بچێت بۆ لای كێ، ئەگەر بیەوێت لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕێك بكەوێت، دەزانێت كێ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە و دەبێ بچێت بۆ لای كێ، بەڵام بەڕاستی نازانیت كێ سەرۆكی یەكێتییە و كێ جێگر؟ ئەمە بۆچی؟ ئەمە لەبەرئەوەی فەرید ئەسەسەرد دەیزانێت! شت زۆرە زیاتر لەوەی كە فەرید تەوەقوعی دەكات بەڵام جارێ بەسە.

جه‌مال عه‌بدوڵڵا