هەواڵى ناوخۆ

شاخەوان عەبدوڵا: داوا دەكەم حكومەتی هەرێم شاندێك بەدەر لە بابەتی موچە بنێرێتە بەغدا

 

شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێكی ئاراستەی پەرلەمانتارانی كورد لەسەر هێرشەكانی داعش لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان كردوە و داواشی لە حكومەتی هەرێم كردوە شاندێك بەدەر لە بابەتی موچە بنێرێتە بەغدا.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی خولی سێهەمی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"خوشک و برایانی بەرێز نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئێوە دەبینن رۆژانە لەسنوری خانەقین و دوزخورماتو و داقوق و کەرکوک و دوبز و مەخمور داعش  هێرش دەکاتە سەر گیان و ماڵی هاوڵاتیانی کورد لەو سنورانە و تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەو دۆخەی لەو ناوچانە دروستبوە ئێوەی پەرلەمانتاران دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە"

پەرلەمانتارەكەی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراش دەشڵێت،"دەبێت ئەو بێ دەنگییەتان بشکێنن و لەرێگەی ئەنجامدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی و بانگهێشتکردنی فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سنورە بۆ پەرلەمان و لیژنەی ئاسایش و بەرگری و داواکردن بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رادەستکردنەوەی دۆسێی ئەمنی ئەو ناوچانە بۆ خەڵکی ناوچەکە و گەیاندنی دەنگی کورد لەو ناوچانە بە نەتەوە یەکگرتوەکان و بەشێوەیەکی فەرمی باڵێوزخانەی وڵاتان لە ئێش و ئازاری هاوڵاتیانی ناوچەکانی دەرەوە هەرێمی کوردستان  ئاگاداربکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشكردوە،"ئەو بێدەنگییەتان هاوکارە بۆ بەردەوامیدان بە دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیانی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، ئەمە مانای ئەوە نییە لێرەولەوێ پەرلەمانتارێک قسەی نەکردبێت، بەڵکو ئەم پرسە دەبێت بەقەد گەورەیی مەترسییەکان تێیبڕوانن و هەڵوێستان هەبێت و خەڵکی ئەو دەڤەرە بەتەنها بەجێمەهێڵن"

لە كۆتاییدا نوسیویەتی،"داوا لەحکومەتی هەرێم دەکەم جیا لەبابەتی موچە شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو مەترسیانەی لەسەر ئەو ناوچانە دروستبوە رەوانەی بەغدا بکات و حکومەتی ناوەندی بخاتە بەردەم لێپرسراوێتی لەبەرامبەر قوربانیانی کورد لەو ناوچانە."