هەواڵ

سەرکردەیەکی پارتی: سەرکردایەتیی یەکێتی وەك ئێستا بۆیان ناچێتە سەر و دەبێ خۆیان یەکلا بکەنەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، سەرکردایەتیی تازەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم دۆخەی ئێستایان بۆ ناچێتە سەر و دەبێت خۆیان یەکلا بکەنەوە.

یەکێتی لە کاتێکدا لە حکوومەت بەشدارە، کەچی تاقمێکی نێو حزبەکە کە لاهوور جەنگی سەرپەرشتییان دەکات، بە مەبەستی چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخەی درووست بووە، هەوڵی ئاڵۆزترکردنی دۆخی کوردستان دەدەن و بەردەوام پەلاماری حکوومەت دەدەن.

ئاراس حه‌سۆ میرخان، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى پارتى ڕایگه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى بابەتی کۆرۆنا هاتە پێشەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جددی کاری بۆ ڕێگەگرتن لەو مەترسییە کرد، لەولاشەوە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی راگرتەوە، ئیتر بارێک لە هەرێمی کوردستان دروست بوو کە نەخوازراو بێت، کەچی ”برادەرانی یەکێتی خۆیان لە بەرپرسیارێتی لادەدەن“.

ڕوونیشی کردەوە کە پارتی بەرنامەی خۆی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان هەیە، بۆ ئەمەش حزبەکە پشتیوانی لە تیمی پارتی لە حکوومەت دەکات، ”یەکێتیش ئەگەر رەخنەیەکی لە حکوومەت هەیە، با لە تیمی خۆی لە حکوومەت ڕەخنەکە بگرێت، نەک لەلایەکەوە بەشدار بێت و لە لایەکی دیکەشەوە بانگەشەی جۆراوجۆر بکات“.

ئاراس حەسۆ میرخان ڕوونی کردەوە کە پارتی دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا بکات، بەڵام ”پێمانوایە کە دەبێت یەکێتی لەبارەی پەیوەندیکردن لەگەڵ پارتی خۆی یەکلا بکاتەوە، دەبێت سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی بزانن کە بەم شێوەیەی ئێستا بۆیان ناچێتە سەر و دەبێت خۆیان یەکلا بکەنەوە“.