هەواڵ

به‌رپرسێكی باڵای پارتی: حكوومه‌ت له‌ مانگی ئادار 120 ملیۆن دۆلار داهاتی بووه‌

بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، خۆپێشاندان کێشەی مووچە چارەسەر ناکات و خەڵک هەبووە مووچەی وەرگرتووە و بەشداریی لە خۆپێشاندان کردووە، دەشڵێ "لێژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە دهۆک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێگەی بە خۆپیشاندانەکان نەدابوو".
بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری هەڵەبجە ده‌ڵێ"زۆرجار بەهۆی گومانی سیاسییەوە رێگە لە خۆپێشاندانەکان دەگیرێت، ئێمە دڵنیاین لە 95%ی خۆپێشاندانەکانی هەرێمی کوردستان سیاسین و خۆڕسک نین".

بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە سنووری هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد " لە مانگی ئاداری رابردوو داهاتی هەرێمی کوردستان تەنیا 120 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا مانگی پێشتر زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلار بوو، ئەمەش گەواهیدەری ئەوەیە کە حکومەت پارەی پێویستی لەبەردەست نییە بۆ پێدانی مووچە، بۆیە خۆپێشاندان چارەی دۆخەکە ناکات".

سەبارەت بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، بەسام عەلی ئەوەی خستەڕوو "ئێستا حکومەتی عێراق خەریکی رێکخستنەوەی پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2020ـە، پێشبینی دەکرێت هەولێر و بەغدا بۆ شەش مانگی داهاتوو بگەنە رێککەوتن".